وەزیری دارایی بۆ پرسی (هەژماری من) لەگەڵ تیمی سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە کۆ بووەوە

:: PM:07:15:02/06/2026 ‌
ئەمڕۆ سێشەم 2ی حوزەیرانی 2026، لە ڕاگەیەنراوێکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری لە نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ تیمی سەرپەرشتیاری پڕۆژەی هەژماری من کۆ بووەوە.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر دوایین هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەی هەژماری من کراوە و دووپات لەسەر خێراترکردنی پرۆسەی تۆمارکردنی سەرجەم مووچەخۆران لە نزیکترین کاتدا کرایەوە.

هەروەها باس لە هەنگاوەکانی گواستنەوەی پڕۆژەکە بۆ سەر وەزارەتی دارایی کراوە کە لە ئێستەدا بە چەند قۆناغێک دەستی پێ کردووە، بڕیارە لە چەند مانگی داهاتوودا بەتەواوی پڕۆژەکە ڕادەستی وەزارەتی دارایی بکرێت.

لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا بە داتا و زانیاری، دوایین هەنگاوەکانی پڕۆژەکە خرانە ڕوو، بە جۆرێک تا ئێستە 1,168,000 فەرمانبەر و مووچەخۆر تۆمار کراون و زیاتر لە 830,000 کارتی بانکی دابەش کراوە. بۆ مووچەی مانگی ئایاریش 800,000 کەس لە ڕێی 635 ئامێری ڕاکێشانی پارەوە مووچەیان وەرگرتووە.

ئەوەش خراوەتە ڕوو کە پرۆسەی تۆمارکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست لەسەر داهات و پەرەپێدان و میلاکات دەستی پێ کردووە، نزیکەی 50 هەزار مووچەخۆر ماون کە خۆیان تۆمار بکەن، کە بەشی زۆریان میراتگری خانەنشینن و بەشێکیشیان دانیشتووی دەرەوەی کوردستانن. لە کۆی 474,000 خانەنشین و کەسوکاری شەهید و سوودمەندانی چاودێریی کۆمەڵایەتی، تا ئێستە 418,000یان تۆمار کراون و 220,000 مووچەخۆریش کارتی بانکییان وەرگرتووەتەوە.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا وەزیری دارایی، تیمەکە و لایەنە پێوەندیدارەکانی ڕاسپارد کە هەموو هەوڵ و توانای خۆیان لەگەڵ بانکەکان بخەنە گەڕ بۆ چارەسەری ئەو کێشە و گرفتانەی لە ماوەی ڕابردوو دروست بوون، بەتایبەت کێشەی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە و ئەو کێشانەی پێوەستن بە خانەنشینان لە کاتی وەرگرتنەوەی کارتی بانکەکانیان، لەگەڵ دانانی میکانیزمی نوێ بۆ تۆمارکردنی ئەو خانەنشینانەی نەخۆش و پەککەوتەن و ناتوانن سەردانی بانکەکان بکەن.


وشە - پۆڵا مەحموود