سەندیكای پزیشكان لەبارەی پزیشكانی بواری جوانكاری چەند بڕیارێكی دا و لە بڕیارەكاندا، پزیشكان پابەندی چەند بڕیارێكی نوێ دەكرێن.
ئەمڕۆ چوارشەم سێی حوزەیران، بەپێی بڕیارێكی سەندیكای پزیشكان، چەند بڕیارێكی نوێ بۆ پزیشكانی بواری جوانكاری دەرچوو و تێدا هاتووە، سەرجەم ئەو پزیشكانەی كە بۆتۆكس و فیلەر بۆ مەبەستی جوانكاری یان چارەسەر بەكار دەهێنن، پێویستە بەكارهێنانەكانیان لەسەر بنەمای زانستی بێت و لە چوارچێوەی وەسفی پزیشكیی خۆیان بێت.
لە بڕیارەكەدا ئەوەیش هاتووە، پێویستە بەهەموو شێوەیەك دوور بكەونەوە لە دەرمانی ماوەبەسەرچوو و پابەندی بڕیارەكانی حكوومەت بن.
ئاماژە بەوەش كراوە، لە كاتی ئەنجامدانی هەر كردەیەكی پزیشكیی بەكارهێنانی بۆتۆكس و فیلەر، پێویستە بەشێوەیەكی زارەكی یان نووسراو مۆڵەت لە چارەخواز وەربگیرێت لەبارەی ئەگەری روودانی ماكە نەخوازراوەكان.
لە كۆتایی بڕیارەكاندا ئاماژە بەوەش كراوە، لە كاتی پابەندنەبوونی ئەوە، پزیشك مۆڵەتەكەی لێ دەسێنرێتەوە.