800 فەرمانبەر و بەرپرسی حكوومی رەوانەی چین كراون

:: PM:05:23:03/06/2026 ‌
بە ئامادەبوونی سەفین موحسین دزەیی بەرپرسی پێوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەت و جێگری كونسوڵی گشتیی چین و ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكوومەت، ئەكادیمی و مامۆستایانی زانكۆ، پێشبڕكێی "پردی چینی" لە زانكۆی سەڵاحەدین لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو.

لە گوتارێكدا دزەیی باسی لە پێوەندییەكانی نێوان هەولێر و پەكین و چەند پرسێكی تر كرد و سوپاسی حكوومەتی چین و دامەزراوەكانی كرد، كە ساڵانە دەرفەت دەڕەخسێنن تا ژمارەیەكی زۆری كارمەندانی حكوومەت، بەشداری لە خولەكانی پەرەپێدانی تواناكان بكەن و سوود لە ئەزموونی ئەو وڵاتە وەربگرن، هاوكات ئاشنای كولتوور و فەرهەنگی ئەو وڵاتە بن، ساڵی ڕابردوو زیاتر لە 800 فەرمانبەر و بەرپرسی حكوومی و كارمەندان نێردران بۆ چین بۆ بەشداریكردن لە پرۆگرامی جیاوازدا.

سەفین دزەیی سوپاسی كونسوڵگەریی گشتیی وڵاتی چینی لە هەرێمی كوردستان كرد كه هاوكار بوون لە‌ كردنەوەی بەشی زمانی چینی لە زانكۆی سەڵاحەدین، وەك هەنگاوێك بۆ زیاتر نزیكبوونەوەی پێوەندیی كولتووری.

بەرپرسی پێوەندییەكانی دەرەوە هەروەها باسی لە شارستانییەت و پێكەوەژیانی گەلانی چین كرد، كە هاوشێوەی هەولێر خاوەن شارستانییەتی زیاتر لە شەش هەزار ساڵە. خاوەن مێژوویەكن و چەندان ئایین و پێكهاتە لەخۆی دەگرێت و زمانیش وەك ئامرازێك هەمووانی كۆكردووەتەوە. 

شایانی باسە "پردی چینی"، پێشبڕكێیەكی جیهانیی زمانی چینییە و لە ساڵی 2002ـەوە لەلایەن سەنتەری پەروەردەی زمان و وەزارەتی پەروەردەی چینەوە ساز دەكرێت. ئامانجی پێشبڕكێكە، كارلێك و كێبڕكێیە لەنێوان قوتابییانی چینی لە سەرانسەری دنیا و ڕەخساندنی دەرفەتە بۆ پێشاندانی تواناكانی زمانیان و تێگەیشتن لە كولتووری چینی.


وشە - وشه‌