سەرۆك بارزانی پێشوازیی لە باڵوێزی توركیا لە عێراق دەكات

:: PM:02:17:04/06/2026 ‌
سەرۆك بارزانی پێشوازیی لە باڵوێزی توركیا لە عێراق دەكات، لەو دیدارەدا ڕۆشنایی خرایە سەر پێوەندییەكانی نێوان عێراقی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان و توركیا، گفتوگۆ لەبارەی دەرئەنجامەكانی دوایین سەردانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا كرا.

ئەمڕۆ پێنجشەم چواری حوزەیران، سەرۆك مەسعوود بارزانی پێشوازیی لە ئانڵ بۆرا ئینان باڵوێزی توركیا لە عێراق كرد.

لە دیدارەكەدا كە ئەرمان تۆپچو كونسوڵی توركیا لە هەولێریش ئامادەی بوو، بیروڕا لەبارەی دوایین گۆڕانكاری و شەڕ و گرژییەكان لەسەر ئاستی ناوچەكە ئاڵوگۆڕ كرا، باڵوێزی توركیا پێزانینی وڵاتەكەی بۆ ددانبەخۆداگرتن و سیاسەتی حەكیمانەی هەرێمی كوردستان پێشان دا كە وێڕای بوونی هەوڵ بۆ تێوەگلاندنی هەرێم و بوونی دەستدرێژی و بۆردمانی بەردەوام بۆ سەر هەرێم، بەڵام هەرێم بە هەموو شێوەیەك هەوڵی دا نەبێتە بەشێك لەو شەڕ و گرژییانەی لە ناوچەكەدا ڕوویان دا.

لە بەشێكی ئەو دیدارەدا باس لە بارودۆخی دوای پێكهێنانی حكوومەتی عێراقی و پێوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، هەروەها پێوەندیی نێوان پارتی و لایەنە سیاسییەكانی عێراق كرا. هەردوولا هیوای ئەوەیان خواست كە هەوڵەكان بە ئاقاری چارەسەركردنی كێشەكان و هاوئاهەنگیی تەواو لە بوارە جیاجیاكان و نەهێشتنی گرفتەكاندا بچن.

هەر لەو دیدارەدا ڕۆشنایی خرایە سەر پێوەندییەكانی نێوان عێراقی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان و توركیا و گفتوگۆ لەبارەی دەرئەنجامەكانی دوایین سەردانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا كرا، دووپات لە پەرەپێدانی پێوەندی و دۆستایەتیی نێوان هەردوولا كرایەوە.

بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و هەنگاوەكان بۆ وەگەڕخستنی پرۆسەی سیاسی تەوەری تری ئەو دیدارە بوو.



وشە - رامیار جەواد