نێچیرڤان بارزانی و باڵوێزی توركیا دۆخی ناوچەكە تاوتوێ دەكەن

:: PM:02:39:04/06/2026 ‌
سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە باڵوێزی توركیا لە عێراق كرد، پێوەندییەكانی توركیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان، دۆخی سیاسیی عێراق و پەرەپێدانی هاوكاریی دوو لایەنە، بەتایبەت لە بواری ئابووری و بازرگانیدا تاوتوێ كرا. 

ئەمڕۆ پێنجشەم چواری حوزەیران، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە ئانل بۆرا ئینان باڵوێزی توركیا لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا پێوەندییەكانی توركیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان، دۆخی سیاسیی عێراق و پەرەپێدانی هاوكاریی دوو لایەنە، بەتایبەت لە بواری ئابووری و بازرگانیدا تاوتوێ كرا. لەمبارەیەوە دووپاتیان لەسەر گرنگیی بەردەوامیی هاوئاهەنگی لە پێناو پاراستنی ئارامی و سەقامگیری كردەوە.

هەردوولا لەبارەی دۆخی سیاسی لە هەرێمی كوردستان و هەوڵەكان بۆ تێپەڕاندن و چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكان بیروڕایان گۆڕییەوە، هەروەها دیالۆگ و لێكگەیشتنی هەولێر ـ بەغدایان بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان بە پێویست زانی.

پرۆسەی ئاشتی لە توركیا، دوایین پێشهاتە هەرێمییەكان و دۆخی ناوچەكە، تەوەرێكی تری دیدارەكە بوو، تێیدا هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی چارەسەركردنی ئاشتییانەی كێشە و ناكۆكییەكان و پاراستنی ئارامی و سەقامگیری.

لە دیدارەكەدا ئەرمان تۆپچو كونسوڵی گشتیی توركیا لە هەرێمی كوردستان ئامادە بوو.



وشە - رامیار جەواد