ئەمڕۆ هەینی پێنجی حوزەیرانی 2026، بەپێی ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان هاتووە کە هاوبەشیی نێوان حكوومەتی هەرێمی کوردستان و بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان (UNDP)، بەشداری دەکات لە بەهێزکردنی توانای هەرێم بۆ هاوئاهەنگیی هەوڵەکانی بەدەمەوەچوون و ئامادەیی بۆ قەیرانەکان و پاڵپشتیکردنی کۆمەڵگە لاوازەکان، ئەمەش لە ڕێی فراوانکردنی پاڵپشتییەکان بۆ ناوەندی هاوبەشی هاوئاهەنگیی قەیرانەکان.
بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە ڕاپۆرتێکدا کە لە ماڵپەڕی خۆی بڵاوی کردووەتەوە، دووپاتی کردەوە کە پاڵپشتی بۆ ئەرکی ڕاوێژکاریی ستراتیجی دابین دەکات، کە ئامانج لێی هەڵسەنگاندن و بەهێزکردنی ئامادەیی دامەزراوەیی و کارپێکردنە لە ناوەندی هاوبەشی هاوئاهەنگیی قەیرانەکان.
ئەو ناوەندە بە دامەزراوەی سەرەکیی تایبەت بە بەڕێوەبردنی قەیرانەکان لە هەرێم دادەنرێت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەرێم ڕووبەڕووی ئاڵەنگاریی مرۆیی، تەناهی و ئاوارەبوون دەبێتەوە کە ڕۆژ بە ڕۆژ ئاڵۆزتر دەبن.
لە ڕاپۆرتەکەدا لە زاری سەروە ڕەسووڵ بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هاوبەشی هاوئاهەنگیی قەیرانەکان (JCC) هاتووە، هاوبەشیی نێوان حكوومەتی هەرێمی کوردستان و بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان، بە شێوەیەکی کارا بەشداریی کردووە لە بەهێزکردنی توانامان بۆ هاوئاهەنگیی هەوڵەکانی بەدەمەوەچوون بۆ قەیرانەکان و پاڵپشتیکردنی ئەو کۆمەڵگەیانەی زۆرترین لاوازییان هەیە.
ناوبراو زیاتر گوتی، لە سایەی بەردەوامبوونی مەترسی و ئاڵەنگارییەکان، بەهێزکردنی ئامادەیی دامەزراوەیی و کارپێکردن بە لەپێشینەیەکی سەرەکی دەمێنێتەوە. ڕوونیشی کردەوە، ئەم هاوبەشییە یارمەتیمان دەدات بۆ تەواوکردنی بنیاتنان لەسەر ئەو دەستکەوتانەی بەدەست هاتوون، لەگەڵ بەهێزکردنی توانامان بۆ بەدەمەوەچوونی کارا بۆ قەیرانەکانی داهاتوو.
ڕاپۆرتەکە دووپاتی کردەوە کە ئەرکەکە تیشک دەخاتە سەر پێداچوونەوە بە سیستەمەکانی کارپێکردن، میکانیزمەکانی هاوئاهەنگی و تواناکانی ئامادەیی بۆ قەیرانەکان، لەگەڵ دیاریکردنی لەپێشینەکانی بەهێزکردنی توانای دامەزراوەیی و بوارەکانی پاڵپشتی لە داهاتوودا.
لای خۆیەوە، تیتۆن میترا نوێنەری نیشتەجێی بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق ڕای گەیاند کە دامەزراوە بەهێزەکان بنەمان بۆ بەدەمەوەچوونێکی کارا بۆ قەیرانەکان و ئامادەباشی بۆیان. ئاماژەی بەوەش دا، بەرنامەکەمان شانازی بە هاوبەشییە درێژخایەنەکەی لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی کوردستان و ناوەندی هاوبەشی هاوئاهەنگیی قەیرانەکان دەکات، لە ڕێی ئەم ئەرکەوە هەوڵ دەدەین سیستەمەکانی هاوئاهەنگی و تواناکانی کارپێکردن و نەرمیینوواندنی دامەزراوەیی بەهێز بکەین، بە شێوەیەک کە بەشدار بێت لە پاراستنی باشتر بۆ کۆمەڵگەکان لە شۆک و قەیرانەکانی داهاتوو.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە دا کە پاڵپشتییەکانی بەرنامەی (UNDP) ڕەنگدانەوەی پابەندبوونی بەردەوامە بۆ بەهێزکردنی حوکمڕانی و سیستەمەکانی خۆپاراستن لە قەیرانەکان لە تەواوی عێراقدا، لە کاتێکدا بەرنامەکە چاوەڕوانە هاوبەشییە پتەوەکەی لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی کوردستان فراوانتر و قووڵتر بکات. ئەم دەستپێشخەرییەش پاڵپشتی لە جێبەجێکردنی چوارچێوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوئاهەنگی لەپێناو گەشەپێدانی بەردەوام لە عێراق دەکات.