پارێزگاری هەولێر هەموو ئەو دەنگۆیانەی رەت كردەوە كە باس لەوە دەكەن كارەبای هەولێر بە شارەكانی تری عێراق فرۆشرابێت و گوتی، هۆكاری سەرەكی دەگەڕێتەوە بۆ كەمیی بەرهەمهێنان بەهۆی كەمبوونەوەی گاز لە كێڵگەكان و زیادبوونی خواستی هاونیشتمانیان بۆ بەكارهێنانی كارەبا.
ئومێد خۆشناو لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە پەیامنێری "وشە"ش ئامادەبوو ڕای گەیاند، كەمبوونەوەی سەعاتەكانی پێدانی كارەبای نیشتمانی بۆ دوو هۆكاری سەرەكی دەگەڕێتەوە، ئەویش بریتییە لە كەمیی بەرهەمهێنان بەهۆی كەمبوونەوەی گاز لە كێڵگەكان و زیادبوونی خواستی هاونیشتمانیان بۆ بەكارهێنانی كارەبا بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما.
پارێزگاری هەولێر ئەو دەنگۆیانەی ڕەت كردەوە كە باس لە فرۆشتنی زیاتر لە 1,000 مێگاوات كارەبا بە حكوومەتی عێراق دەكەن، كە پێشتر لەلایەن بەشێك لە پەرلەمانتارانەوە وەك هۆكاری كەمبوونەوەی كارەبا ئاماژەی پێ درابوو.
لە بەشێكی تری قسەكانی و لە كاتی كردنەوەی پاركێكی نوێدا لە گەڕەكی نووسەرانی هەولێر، ئومێد خۆشناو ڕای گەیاند كە دوای چەندان ساڵ لە خراپیی كوالێتی هەوا، ئێستە ژینگەی هەولێر پاك بووەتەوە.
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوە كرد كە كوالێتی هەوای شارەكە گەیشتووەتە ئاستی ستانداردە جیهانییەكان و ئەمەش دوای گرتنەبەری چەندان ڕێكاری توند هاتووەتە دی.