دوو مانگی تر قۆناغی دووەمی پشتێنەی سەوزایی هەولێر دەست پێ‌ دەكات

:: PM:01:52:07/06/2026 ‌
قەرەبووكردنەوەی خاوەن ئەو زەوییانە دەستی پێ‌ كردووە كە دەكەونە ناو پشتێنەی سەوزایی، بڕیارە دوای تەواوبوونیان راستەوخۆ دەست بكرێت بە قۆناغی دووەمی داچاندنی پشتێنەی سەوزایی.

ئەمڕۆ یەكشەم حەوتی حوزەیران، هێمن سەید موراد بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی هەولێر، بە "وشە"ـی راگەیاند، بۆ دەستپێكردنی قۆناغی دووەمی پشتێنەی سەوزایی، ئێستە لە قۆناغی كۆتایی قەرەبووكردنەوەی ئەو زەوییانەداین كە دەكەونە سنووری پشتێنەی سەوزاییەكەوە.

زیاتر گوتی، بەپێی ئەو پلانەی هەیە، سەرجەم ئامادەكارییەكان تەواو كراون و كەمتر لە دوو مانگی تر قۆناغی دووەم دەست پێ دەكرێت.

روونی كردەوە، لە قۆناغی دووەمدا بەپێی ئەو پلانەی هەیە، بڕیارە 500 هەزار داری تر بچێنرێن كە پێكهاتوون لە داری زەیتوون، فستق و چەندان جۆری تری پێشنیاركراوی داری بەرهەمدار.

دەشڵێت، بە تەواوبوونی ئەم پشتێنە سەوزاییە، شاری هەولێر لە ڕووی زیادبوونی ڕێژەی سەوزایی و بووژانەوەی بەرهەمی كشتوكاڵیی دارەكانەوە دەچێتە قۆناغێكی نوێ و پێشكەوتووترەوە، بۆیە ئەم هەنگاوە بە یەكێك لە باشترین و سەركەوتووترین ئەو پڕۆژانە دادەنرێت كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەنجامی داوە.

پشتێنەی سەوزایی هەولێر، بە درێژایی 70 كیلۆمەتر و پانی دوو كیلۆمەتر، بەشێوەی بازنەیی بە چواردەوری هەولێردا دەسوڕێتەوە، دەكەوێتە دوای شەقامی 150 مەتری و زیاتر لە 10 بۆندی دەستكرد بۆ ئاودانی دارەكان دروست دەكرێن، بەتەواو بوونی هەولێر دەچێتە قۆناغێكی نوێی جوانی و پاكی ژینگەییەوە.


وشە - رامیار جەواد