د.كاروان محەمەد سابیر شرۆڤەكار ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە كە بە زمانی داتا و ئامار نا، بە زمانی سادە، بە هاووڵاتییەكی ویژدان سەلامەت بڵێ ئەم حكوومەتە چی بۆ كردووی، پێت دەڵێ: شەقام و رێگاوبان، پرۆژەی ئاو، بەنداو و پۆند، كارەبای بەردەوام، كەمكردنەوەی رووداوی هاتوچۆ.
لە وتارێكدا كە لە واڵی خۆی لە فەیسبووك بڵاوی كردووەتەوە، د.كاروان محەمەد سابیر شرۆڤەكار، نووسیویەتی، سیاسی نابێ لە گۆترە قسە بكا، كە مایكی گرتە دەست نابێ قسە فڕێ بدا، ئاخر چۆن و بەچی پێوەرێك، هەڵسەنگاندن بۆ حوكمڕانی یان بۆ كار و خزمەتی كابینەیەك دەكرێ؟ حەتمەن بە كار و پرۆژەكانی یان بە هەڵبژاردن.
" كارە زۆر و زەوەندەكانی ئەم حكومەتە (كابینەی نۆ) وایكرد، هاووڵاتییان سودمەندبن لە خزمەتگوزارییەكان، كوردستان پێشكەوت و پارتیش (حزبی سەرەكی پێكهێنەری ئەم كابینە) بەهۆی پرۆژە خزمەتگوزاریەكانەوە دەنگی زیاتر بوو لە هەڵبژاردن" ئەو شرۆڤەكارە وای نووسیوە.
هەروەها دەڵێ، بە زمانی داتا و ئامار نا، بە زمانی سادە، بە هاووڵاتییەكی ویژدان سەلامەت بڵێ ئەم حكوومەتە چی بۆ كردووی، پێت دەڵێ: شەقام و رێگاوبان، پرۆژەی ئاو، بەنداو و پۆند، كارەبای بەردەوام، كەمكردنەوەی رووداوی هاتوچۆ، بە سیستەم كردنی مووچە و پێشخستنی بانكەكان، پاكتركردنەوەی هەوا، ژینگەپارێزی، سەوزتركردنی كوردستان، پەرەپێدانی كەرتی گەشتیاری، پشتیوانی بەرهەمی خۆماڵی، پێشخستنی كاری فەرمانگەكان پاسپۆرت، هاتوچۆ و..تاد.
لە وتارەكەیدا نووسیویەتی، مرۆڤ زەڕەیەك ویژدانی هەبێ، دەزانێ ئەوەی ئەم كابینە كردویەتی، شۆڕشێك بوو، لە حوكمڕانیشدا جۆرێكە لە موعجیزە، چونكە سەرەڕای ئەو هەموو تەنگژە و گەمارۆ و پیلانگێڕییە، حكوومەت لەسەر پێیەكانی راوەستا و هەنگاوی بۆ پێشەوە نا، سەتان پرۆژەی خزمەتگوزاری پێشكەش كرد.
لە كۆتایشدا ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە كە پێویستە هەمووان، لەجیاتی تێكدانی دەروونی خەڵك، بە گوتە و كاری باش، سەقامگیری بێننە كایەوە، خزمەتی خەڵك بكەن، متمانەی بنیاتنان بەهێزتر بكەن.