پڕۆژەی پاراوكردنی ئاوی ژێرزەوی دەست پێ‌ دەكات

:: PM:01:52:08/06/2026 ‌
دوای دروستكردنی پۆند، نۆرەی پڕۆژەكانی پاراوكردنەوەی ئاوی ژێرزەوییە و لە هەرێمی كوردستان دەست پێ‌ دەكات، بەرپرسێكیش چەند زانیارییەك ئاشكرا دەكات.

ئەمڕۆ دووشەم هەشتی حوزەیران، كاروان هەورامی بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان، بە "وشە"ـی راگەیاند، ئەزموونی هەرێمی كوردستان لە بواری پاراوكردنەوەی ئاوی ژێرزەوی، وەك ئەزموونێكی سەركەوتوو لە هەموو عێراقدا دەبینرێت.

دەشڵێت، دوای پۆندەكان ئێستە كاتی پاراوكردنی ئاوە بۆ ژێرزەوییە، ئەمەیش بە هاوبەشی  بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی سەرچاوەكانی ئاوی كوردستان، رێكخراوی یونسێف، وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاوی فیدراڵی، تاوتوێ كرا.

باسی لەوەش كرد، پاراوكردنەوەی ئاوی ژێرزەوی، بریتییە لەو پڕۆژانەی ئاوی زیادی سەرزەوی بۆ خەزانەكانی ژێرزەوی دەگوازێتەوە، واتە لە جیاتی ئەوەی ئاو لە ناو بەنداو و پۆند لەسەر زەوی كۆ بكەینەوە، لە ژێرزەوی كۆی دەكەینەوە كە سەلامەتتر و تێچووشی كەمترە.

ئاماژەی بەوەش كرد، ئێستە لە كوردستان سێ میكانیزم بۆ كۆكردنەوەی ئاو هەن، بەنداوەكان، پۆندەكان، پڕۆژەكانی پاراوكردنی ئاوی ژێرزەوی.

هەرێمی كوردستان بۆ ئەمساڵ بڕی نۆ ملیار مەتر سێجا ئاوی لە بەنداوەكان و پۆندەكان كۆ كردووەتەوە، لە بەرنامەیدایە لە ساڵانی داهاتووش پاراوكردنیش بكات و ئاو لە ژێرزەوی كۆ بكاتەوە.



وشە - رامیار جەواد