سەرۆك بارزانی لە ساڵوەگەڕی كارەساتی زێوە: چارەنووسی زاڵمان شكست و سەرشۆڕی بوو

:: AM:10:27:09/06/2026 ‌
لە 41ـەمین ساڵوەگەڕی بۆردمانكردنی ئۆردوگای زێوەدا، سەرۆك مەسعوود بارزانی پەیامێكی بڵاو كردەوە و ڕای گەیاند، ئەو كارەساتە لاپەڕەیەكی خوێناویی ترە لە كارنامەی ڕەشی ڕژێمی پێشووی عێراق. دووپاتیشی كردەوە كە سەرەنجام چارەنووسی زاڵمان سەرشۆڕی بوو و سەربەرزی بۆ گەلی كوردستان مایەوە.

ئەمڕۆ سێشەم نۆی حوزەیران، سەرۆك مەسعوود بارزانی لە پەیامەكەیدا ئاماژەی بەوە كردووە، لە نۆی حوزەیرانی 1985دا، فڕۆكەكانی ڕژێمی پێشووی عێراق بەشێوەیەكی دڕندانە ئۆردوگای پەنابەرانی زێوەیان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان بۆردمان كرد، لە ئەنجامی ئەو پەلامارە نامرۆڤانەیەدا سەتان ژن، منداڵ، پیر و گەنجی بێتاوان شەهید و بریندار بوون.

سەرۆك بارزانی ئەو ڕۆژەی بە یەكێك لە خەمناكترین ڕۆژەكانی ژیانی خۆی وەسف كردووە، كە تێیدا ناڵە و شیوەنی دایكان و جەستەی سووتاوی شەهیدان دڵ و دەروونی هەر خاوەن ‌ویژدانێكی دەهەژاند.

لە بەشێكی تری پەیامەكەیدا هاتووە، ئامانجی ڕژێم لەم كۆمەڵكوژییە، شكاندنی ئیرادەی پەنابەران، پێشمەرگە و خەباتگێڕان بوو، بەڵام بەپێچەوانەوە، ئەو تاوانانە ئیرادەی گەلی كوردستانی بۆ درێژەدان بە خەباتی دژی ستەمكاری بەهێزتر كرد تا دواجار سەركەوتن بۆ گەلی كوردستان مایەوە، لە كۆتایی پەیامەكەشدا سڵاوی بۆ ڕۆحی پاكی شەهیدانی زێوە و سەرجەم شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی كوردستان نارد.

لە نۆی حوزەیرانی 1985 لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانی ڕژێمی بەعس، ئۆردوگای زێوە كە كەمپی پەنابەرانی كوردانی باشوور بوو لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان، بۆمباران كرا. لەو كارەساتەدا 150 كەسی سڤیل شەهید بوون و 373 كەسی تریش بریندار بوون.




وشە - پێشەنگ مەحموود