وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردەوە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان كار بۆ هاوتاكردنی مووچەی زیندانیانی سیاسیی لەگەڵ بەغدا دەكات.
بە گوێرەی راگەیەنراوێكی وەزارەتەكە، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری و عەبدوڵای حاجی مەحموود وەزیری شەهیدان و كاروباری ئەنفالكراوان و دكتۆر ئامانج ڕەحیم سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و دكتۆر عەبدولحەكیم خەسرۆ سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، لە دیوانی وەزارەتی دارایی و ئابووری سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی كرد كە تایبەت بوو بە ڕێكارەكانی هاوتاكردنی مووچەی زیندانیانی سیاسی و ڕاگیراوانی سیاسی لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵ .
لەكۆبوونەوەكەدا تیشك خرایە سەر دواین هەوڵەكان بەمەبەستی هاوتاكردنی مووچە و ئیمتیازات و شایستەی دارایی زیندانیانی سیاسی و ڕاگیراوانی سیاسی هەرێمی كوردستان لەگەڵ هاوتاكانیان لە عێراق لەسەر بنەمای جێبەجێكردنی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كە لەمانگی ئازاری ئەمساڵ دەرچووە، ئەوەش دوای كۆبوونەوە و لێكتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوان و دەزگای زیندانییانی سیاسی عێراق هاتووەتە ئاراوە.
لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا لە ئایندەیەكی نزیكدا شاندێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەمەبەستی گفتوگۆ و گرتنەبەری ڕێكارەكان بۆ هاوتاكردنی مووچە و ئیمتیازات و شایستە داراییەكانی زیندانییانی سیاسی هەرێمی كوردستان لەگەڵ هاوتاكانیان لە عێراق و دابینكردنی شایستەی دارایی بۆیان سەردانی شاری بەغدا بكات.