مەلا بەختیار وەڵامێكی توند ئاراستەی بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی كردووە، تێیدا پەردە لەسەر ناكۆكییە قووڵەكانی نێوان نەوەی دێرینی شۆڕش و سەركردایەتیی ئێستەی حزبەكە لادەدات.
مەلا بەختیار لە پەیامێكدا كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی نزیك لە خۆیەوە بڵاوی كردووەتەوە و ئاراستەی بافڵ تاڵەبانیی كردووە، تێیدا وەڵامی نامەیەكی داوەتەوە كە لە یادی دامەزراندنی یەكێتیدا بافڵ تاڵەبانی بۆی ناردووە، وەسفی مەلا بەختیاری بەوە كردووە كە "سامانێكی نیشتمانیی كوردستان و یەكێتییە."
لە بەرانبەر ئەم قسانەدا مەلا بەختیار بە بافڵ تاڵەبانی دەڵێت: "بەداخەوە، كاتێك كۆمێنتی پەیجە فەیكەكانی یەكێتی دەخوێنمەوە كە دەزانم چۆن بەڕێوە دەبرێن، كاتێكیش ئاراستەی پروپاگاندەكان دژی من و دژی تێكۆشەرە ماندووەكانی تر دەبیستمەوە، هاوكات بۆچوونی هەڤاڵە نزیكەكانت دەزانم كە لێوانلێون لە بوختان هەڵبەستن و شێواندنی ئەو مێژووە كە بەڕێزت لە نامەكەتدا باست كردووە. ببوورە ناچارم لێت بپرسم، كاتێك ئەو هەموو درۆ و دەلەسانە دەبیستم و دەخوێنمەوە، ناحەقمە گومان لەوە بكەم، هێشتا بە سامانی یەكێتی و نیشتمانم بزانیت؟"
مەلا بەختیار ئاماژەی بەوەش داوە كە گوناح نییە دەرسی لە هەڵەكان وەرگرتبێ و سیاسەتی شەڕی ناوخۆ و ململانێ بێهوودەكانی ناو كوردایەتی دووبارە نەكاتەوە، بەندە و چەندان سەركردەی پێشووی یەكێتی شایەتن، مام جەلال چەند لە تەقینەوەی ناكۆكییەكانی ڕابردوو پاشگەز بوو. چەندە دووپاتی دەكردەوە، ببڕای ببڕ، ئامادە نییە لە هیچ هەلومەرجێكدا بۆ هەڵدێرەكانی ڕابردوو بگەڕێتەوە."
سەرەتای ئەم دیالۆگە سیاسییە دەگەڕێتەوە بۆ نامەیەكی فەرمیی بافڵ جەلال تاڵەبانی كە بەبۆنەی ساڵوەگەڕی دامەزراندنی یەكێتییەوە ئاراستەی مەلا بەختیاری كردبوو، لەو نامەیەدا سەرۆكی یەكێتیی بەزمانێكی دیپلۆماسی و پڕ لە ستایش نووسیویەتی، "لەم ڕۆژەدا بەڕێزەوە لەگەڵ جەنابتان دەوەستین و لە ڕۆڵ و پێگە و خەباتی ئێوە دەڕوانین، ئێوە هەمیشە وەك سامانێكی نیشتمانی بۆ كوردستان و یەكێتیی دەمێننەوە و ئێمە ئیلهام لە ئەزموونی بێوچانتان وەردەگرین".
مەلا بەختیار لە وەڵامەكەیدا كە بەمەبەست هێشتبوویەوە تا لە یادی 50 ساڵەی شۆڕشی نوێدا بڵاوی بكاتەوە، بەتوندی گومانی خۆی لە ڕاستگۆیی ئەو دەستەواژانە پێشان داوە، ئاماژەی بەجیاوازیی نێوان زمانی فەرمی نامەكان و واقیعی سەر زەوی كردووە.
لە بەشێكی تری وەڵامەكەیدا، ئەم سەركردە دێرینەی ساڵی 1976 خۆی وەك "پاسەوانێكی پەرۆشی مێژووی شەهیدان و زۆربەی نهێنییەكانی یەكێتیی" دەناسێنێت؛ ئەو نهێنییانەی كە بەگوتەی خۆی "مێژووهەژێنن"، بەڵام بەهۆی مۆراڵی سیاسییەوە نەیدركاندوون بۆ ئەوەی وڵات تووشی تەقینەوەی كێشەی ناوەخت و شەڕی ناوخۆ نەكاتەوە.
مەلا بەختیار بەهێنانەوەی نموونەی مێژوویی لە قۆناغەكانی (كۆمەڵە) و (ئاڵای شۆڕش)، هاوتەریببوونی تۆمەتەكانی ئێستە بەتۆمەتەكانی ڕابردوو دەشوبهێنێت و دەڵێت، "چۆن دەركەوت نە ئەوسا ئەوانەی بوختانیان هەڵدەبەست بەئەندازەی ئێمە كوردستانی بوون، زۆر ناخایەنێ ڕۆژگار بوختانەكانی ئێستەش قانگ دەدات"، ئەو هۆشداریی دەداتە سەركردایەتیی ئێستەی یەكێتیی كە هۆكاری سەركەوتن، وانەی مێژووە نەك دروستكردنی "فۆبیای دژایەتی و دوژمنایەتی".