باندێك بەم شێوەیە فێڵت لێ‌ دەكەن

:: PM:12:52:10/06/2026 ‌
ئاسایشی هەولێر روونكردنەوە لەسەر باندێكی قۆڵبڕ دەدات و دەڵێت، لە رێگەی مۆبایلەكەتەوە فێڵت لێ‌ دەكەن و پارەكانت دەدزن.

ئەمڕۆ چوارشەم 10ـی حوزەیران، لە روونكردنەوەیەكی ئاسایشی هەولێردا هاتووە، ئاگاداری هاووڵاتییان و شوێنكارەكان دەكەینەوە خۆیان بپارێزن لەو باند و گرووپانەی كە بەشێوەی ساختە و بە پلانی جیاواز، پێوەندییان پێوە دەكەن بەناوی رێكلام یان پێداویستیی كڕینەوە، مامەڵەیان لەگەڵ دەكەن و دواتر وا پێشان دەدەن كە بەڕێگەی هەژماری بانكی پارەیان بۆ ڕەوان دەكەن، لە جێگەی ئەوەی پارە بڕواتە سەر هەژمارەكانتان، پارەتان ڕادەكێشرێت.

ئاماژە بەوەش كراوە، ئەم شێوازە جۆرێكی فێڵكردنە و پێویستی بە هۆشیاری لە مامەڵەكردنەوە هەیە ، بۆیە داوا دەكەین بۆ ئەوەی سامانتان پارێزراو بێت، خۆتان بەدوور بگرن لەو مامەڵەكردنانەی بەڕێگەی هەژماری بانكی دەكرێت بەبێ ئەوەی كەسی بەرانبەر بینرابێت یان ناسرابێت.

روون كراوەتەوە، لەلایەن تیمەكانمانەوە بە فەرمانی دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، دەست بە ئەنجامدانی بەدواداچوون كراوە و لە كاتی گرتنی ئەو تۆمەتبارانە، زانیاریی زیاتر بڵاو دەكەینەوە



وشە - رامیار جەواد