هەفتەی داهاتوو بەنزین هەرزان دەبێتەوە

:: PM:01:02:10/06/2026 ‌
دوای بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین بەشێوەیەكی بەرچاو لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و كانزاكانی هەولێر، موژدە دەداتە شۆفێران كە بەنزین هەرزان دەبێتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەم 10ـی حوزەیران، سالار محەمەد لێپسراوی بەشی پشكنین و بەدواداچوون لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و كانزاكانی هەولێر، بە "وشە"ـی راگەیاند، بەمنزیكانە نرخی بەنزین هەرزان دەبێتەوە.

زیاتر گوتی، كار كراوە لەسەر هەرزانبوونەوەی بەنزین و دەرئەنجامەكەی دەردەكەوێت.

 جەنگی مەجید سەرۆكی ئەنجوومەنی بەنزینخانەكانی هەولێر ڕای گەیاند، هۆكاری بەرزبوونەوەی ئێستەی نرخی بەنزین دیار نییە، بەڵام پرۆسەی دابەشكردنی بەنزینی حكوومیی 750 دیناری بەردەوامە و هیچ گۆڕانكارییەكی بەسەردا نەهاتووە.

بەپێی زانیارییەكان، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ئاستی بەرهەمهێنانی بەنزین زیادی كردووە، بەم هۆیەوە پێشبینی دەكرێت لە هەفتەی داهاتوودا نرخی هەرسێ جۆرەكەی بەنزین دابەزین بەخۆیەوە ببینێت.




وشە - رامیار جەواد