گوتەبێژی حكوومەت: لیژنەی باڵا بۆ چارەسەری كێشەكان لەگەڵ بەغدا پێكدەهێنرێت

:: PM:01:28:10/06/2026 ‌
گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای دەگەیەنێت، لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لەسەر پێشنیازی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لیژنەیەكی باڵای هاوبەش بۆ گفتوگۆ و چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا پێكدەهێنرێت.

ئەمڕۆ چوارشەم 10ـی حوزەیران، پێشەوا هەورامانی گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رای گەیاند، دەمانەوێ كێشەكانمان لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵ چارەسەر بكەین، بۆیە لەسەر پێشنیازی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لیژنەیەكی باڵای هاوبەش بۆ گفتوگۆ و چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا پێكدەهێنرێت. 

زیاتر گوتی، لە داهاتوویەكی نزیكدا لیژنەكە پێكدەهێنرێت، تەنیاش بۆ چارەسەركردنی كێشەكان نییە، بەڵكو لە هەمان كاتدا بۆ پتەوكردنی پێوەندییەكانیشە.

ئاماژەی بەوەش كرد، جەنگی ناوچەكە جگە لە مەترسیی تەناهی، قەیرانێكی قورسی دارایی دروست كردووە.

دەشڵێت، بۆ پرسی نەوت ئێمە دیدگەی خۆمان روون كردووەتەوە، حكوومەتی كوردستان هەموو هاوكارییەكی حكوومەتی عێراق دەكات، هەروەها حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە دژی سیستمی ئەسیكۆدا نییە، بەڵام دەبوو زووتر ئاگادار كرابێتەوە، چونكە بۆ جێبەجێكردنی، ئامادەكاریی زۆری دەوێت.

لە بەشێكی قسەكانیدا دەڵێت، هەر كە شاندی حكوومەتی عێراق ئامادە بوو، شاندی حكوومەتی كوردستان دەچێتە بەغدا بۆ گفتوگۆكردن لەسەر بابەتی ئەسیكۆدا. 

ئەوەشی گوت، كۆمپانیا نەوتییەكان لە كوردستان، داوای گەرەنتیی تەناهییان لە سەرۆك وەزیرانی عێراق كردووە تا دەست بە بەرهەمهێنانی نەوت بكەنەوە.



وشە - رامیار جەواد