ئەمڕۆ چوارشەم10ی حوزەیرانی 2026، بەسەرپەرشتی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران مەسروور بارزانی، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆ بووەوە.
لە بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەدا، سەرۆك وەزیران تیشكی خستە سەر دوایین سەردانەكەی بۆ بەغدا و ئاماژەی بە گرنگی گەڵاڵەكردنی نەخشەڕێگەیەك بۆ بەردەوامیدان بە دانوستان لەسەر دۆسیە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵ كرد، لەمبارەیەوە پێشنیاری هێنانەكایەی دەسەتەیەكی باڵای وەزاریی هاوئاهەنگیی هەمیشەیی بە ئەندامیەتی وەزیر و بەرپرسانی پێوەندیدار لە هەردوو حكوومەتی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان كرد .
پاشان جێگری سەرۆك وەزیران، باسی لە گرنگیی هێنانەكایەی دەستەكە كرد و ئاماژەی دا كە ئەمە هەنگاوێكە بۆ بە دامەزراوەییكردنی شێوازی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵ كە ڕۆڵی ئەرێنی دەبێت لە چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەردوو لا .
ئەنجوومەنی وەزیران دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە لەبارەی وردەكاری و میكانیزمی پێكهێنانی دەستەكە، پێشنیارەكەی پەسەند كرد و بڕیاردرا ئاڕاستەی حكوومەتی فیدڕاڵ بكرێت بۆ بڕیاری هاوبەشی هەردوو حكوومەت.
لە بڕگەی دووەمدا، دوا پەرەسەندنەكانی پێوەست بە دۆسیەی نەوت لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵ و دەرئەنجامی دوا كۆبوونەوەی شاندی هەرێم و نوێنەری كۆمپانیا نەوتییەكان لەگەڵ سەرۆك وەزیران و لایەنە پێوەندیدارەكانی حكوومەتی فیدراڵ خرایە ڕوو.
وەزیری سامانە سروشتییەكان بە وەكالەت و ئەندامانی شاندی دانوستانكار، وردەكاریی كۆبوونەوەكەیان خستەڕوو.
ئەنجوومەنی وەزیران دوای گفتوگۆ، دووپاتی كردەوە لەسەر هەڵوێستی هەرێمی كوردستان لە پشتیوانیكردنی حكوومەتی نوێی فیدڕاڵ بە سەرۆكایەتی عەلی زەیدی بۆ بەرەنگاربوونەوە و چارەسەری ئەو ئاڵنگارییە داراییانەی كە ڕووبەڕووی عێراق بووەتەوە بەهۆی بارودۆخی ئەم دواییەی ناوچەكە. بۆ ئەو مەبەستەش، ئەنجوومەنی وەزیرانـ وەزیری سامانە سروشتییەكان و شاندی دانوستانی ڕاسپارد كە ڕێكارەكان خێراتر بكەن تاوەكوو هەرچی زووە لە ڕێگەی بۆری نەوتی هەرێمی كوردستانەوە، بەرزترین ئاستی هەناردەكردن بۆ بازاڕی جیهانی ئەنجام بدرێت و داهاتی بەدەستهاتووش بگەڕێتەوە بۆ گەنجینەی فیدڕاڵ ، هەروەها بەردەوامیدان بە كاری هاوبەش و پێكەوەیی بۆ سەرخستنی هەموو ئەو هەوڵ و دەرفەتانەی دەبنە هۆی زیادكردنی داهاتی فیدڕاڵ.
ئەنجوومەنی وەزیران دووپاتیشی كردەوە كە ئەركی كۆمپانیا نەوتییەكانیشە، دوای دڵنیاییدانی حكوومەتی فیدڕاڵ بە پاراستنی ئاسایشیی كەرتی نەوت و وزەی هەرێم و قەرەبووكردنەوەی زیانی هەر هێرشێك بۆ سەر دامەزراوەكانی كەرتی وزەی هەرێم وەك سەرۆك وەزیرانی فیدڕاڵ دووپاتی لێ كردەوە ، دەبێت كۆمپانیا نەوتییەكان لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، دەست بە زیادكردنی بەرهەمهێنانی نەوت و هەناردەكردنی بكەنەوە.
پاشان ئەنجومەنی وەزیران، گفتوگۆی لەبارەی دۆسیەی داهاتە ناوخۆییەكان و بابەتی جێبەجێكردنی ڕێكارەكانی سیستەمی ئەسیكۆدا لە هەرێمی كوردستان و خشتەی داهاتەكان و كاریگەرییەكانی دۆخی ناوچەكە و ئەسیكۆدا لە سەر كەمبوونەوەی بەرچاوی داهاتی گشتیی لە هەرێمی كوردستان و كاریگەریی لەسەر مووچە كرد.
لەمبارەیەوە وەزیری دارایی و ئابووری، لە چوارچێوەی ڕاپۆرتێكدا ، وردەكاری داهاتە گشتییەكانی هەرێمی كوردستانی بۆ پێنج مانگی یەكەمی ساڵی 2026 بۆ ئەنجومەنی وەزیران خستەڕوو، كە بەراورد بە ساڵی 2025 دابەزینی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە، وەك لە تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە ڕوونكراوەتەوە و لە لایەن تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵ و هەرێم وردبینی دەكرێت. بۆیە داوا لە حكوومەتی فیدڕاڵ كرا كە پێداچوونەوەی پێویست بكات بە بڕی 120 ملیار دیناری دیاریكراو وەك بەشی گەنجینەی فیدڕاڵ، چونكە بەهۆی جەنگ و بارودۆخی ئاڵۆزی ناوچەكە ویەكلایی نەبوونەوەی دۆسیەی ئەسیكۆدا، داهاتی مانگانەی هەرێم بە ڕێژەی زیاتر لە 70٪ دابەزیوە.
سەبارەت بە جێبەجێكردنی ئەسیكۆداش لە دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان، ئەنجوومەنی وەزیران دووپاتی كردەوە كە پێویستە لە نزیكترین دەرفەتدا، ئەنجوومەنی وەزاریی فیدڕاڵ بۆ كاروباری ئابووریی، لە كۆبوونەوەیەكدا، ئەو لەیەكترگەیشتنە بەراییە پەسەند بكات كە لە مانگی نیسانی ئەمساڵ لە نێوان هەر دوو لا تایبەت بە جێبەجێكردنی سیستەمی ئەسیكۆدا لە دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان واژۆ كراوە. بە چارەسەركردنی ئەم دۆسیەیەش، داهاتی دەروازە سنوورییەكان زیاد دەكات و جوڵەی بازرگانی بەهێز و چالاك دەبێتەوە و بازاڕ دەبووژێتەوە كە ئەمەش لە ئەنجامدا لە بەرژەوەندی تەواوی عێراقدایە.