ئەمڕۆ چوارشەم 10ی حوزەیرانی 2026، خەسرۆ ئیسماعیل بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە "وشە"ی ڕاگەیاند کە هەفتەی داهاتوو تیروپشک بۆ دابەشکردنی زەوی دەست پێ دەکات.
خەسرۆ ئیسماعیل لە لێدوانەکەیدا گوتی، هەفتەی داهاتوو تیروپشک بۆ دابەشکردنی زەوی لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە شارۆکەی خەلیفان دەست پێ دەکات. ئەمەش وەک قۆناغی دووەم لە سنوورەکە کە نەخشەکە لە 845 پارچە زەوی پێکهاتووە.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە نزیکەی 40 هەزار فەرمانبەر و خانەنشین لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند دەبن، بەڵام بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافیی سنوورەکە، زەویی پێویست لەبەردەستدا نییە، بۆیە پرۆسەکە دواکەوتووە. ڕوونیشی کردەوە کە لە ئێستەدا سنووری شارەوانیی شارۆکەکان فراوان دەکرێت بۆ ئەوەی زەوی بۆ سەرجەمیان دابین بکرێت.
بەپێی ئامارەکان، ئەو 40 هەزار کەسە بەم شێوەیە بەسەر شارۆکە و شارەدێیەکاندا دابەش دەبن: لە سۆران نزیکەی 15 هەزار کەس، مێرگەسوور حەوت هەزار و 131 کەس، ڕواندز سێ هەزار و 428 کەس، خەلیفان چوار هەزار و 316 کەس، چۆمان چوار هەزار و 336 کەس، سیدەکان دوو هەزار و 450 کەس، مەجیداوە و باڵەکیانیش هەزار و 292 کەس سوودمەند دەبن.
وشە/ كرمانج فەتاح