لەبارەی بردنی ئۆتۆمبێل بۆ ئێران " وشە" وردەكاریی بڕیارەكان بڵاو دەكاتەوە

:: AM:09:03:11/06/2026 ‌
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگی هەرێمی كوردستان، كۆمەڵێك ڕێنوێنی و ڕێكاری نوێی بۆ ڕێكخستنەوەی پرۆسەی هەناردەكردنی ئۆتۆمبێل بۆ دەرەوەی وڵات دەركرد، كە بە ڕەزامەندیی وەزارەتی دارایی و ئابووری و وەزارەتی ناوخۆ جێبەجێ دەكرێن.
 
دەركردنی ئەم ڕێنوێنییانە لە كاتێكدایە كە لە ماوەی ڕابردوو ژمارەیەكی زۆری ئۆتۆمبێلی مۆدێل نوێ، لە هەرێمی كوردستانەوە هەناردەی وڵاتانی دراوسێ، بەتایبەت كۆماری ئیسلامیی ئێران كراون.

بەپێی نووسراوی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگ، سەرجەم ئەو كۆمپانیایانەی كە ئۆتۆمبێلی ژمارە كاتی هەناردەی وڵاتانی تر دەكەن ئاگادار كراونەتەوە، لەمەودوا ڕێگەیان پێ نادرێت ئەو ئۆتۆمبێلانە هەناردە بكەن تا لە یەكێك لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتوچۆ تۆماری نەكەن؛ واتە پێویستە سەرەتا ئۆتۆمبێلەكان ژمارە بكرێن و پاشان هەناردە بكرێت.

مەبەست لەم هەنگاوەش ڕاگرتنی باڵانسی بازاڕ و ڕێگریكردنە لە هەناردەكردنی بەلێشاوی ئۆتۆمبێلە مۆدێل نوێیەكانی (2024، 2025و 2026)، كە لە ماوەی ڕابردوودا بووبووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی ئۆتۆمبێل لە بازاڕەكانی هەرێمدا.

لە ڕێنوێنییەكاندا ئاماژە بەوە دراوە، ڕێگە بە كۆمپانیاكان دەدرێت ئەو ئۆتۆمبێلانە هەناردە بكەن كە وەك ئۆتۆمبێلی تایبەت تۆمار كراون بە گشت مۆدێلە جیاوازەكانەوە. بۆ ئەم مەبەستەش هەر كۆمپانیایەك بیەوێت ئۆتۆمبێل هەناردە بكات، پێویستە سەرەتا مۆڵەتی فەرمی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بازرگانیی هەرێمی كوردستان وەربگرێت. بۆ بەدەستهێنانی مۆڵەتەكەش، گومرگ چەند مەرجێكی دیاری كردووە؛ لەوانە دەبێت كۆمپانیا داواكارەكە بەپێی ڕێنوێنیی ژمارە سێی ساڵی 2021 لە وەزارەتی ناوخۆ تۆمار كرابێت، داواكاری پێشكەش بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بازرگانی بكات، پێویستە ئەو ئۆتۆمبێلەی هەناردە دەكرێت لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بازرگانی سڕینەوەی تۆماری بۆ كرابێت

هەر بەپێی بڕیارە نوێیەكە، پێویستە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بازرگانی لە ماوەی 24 سەعاتدا، نووسراوی ڕێگەپێدانی هەناردەكردن بۆ كۆمپانیاكان دەربكات و بڕی 5٪ لە نرخی خەمڵێنراوی ئۆتۆمبێلەكە وەك ڕسوومات وەردەگیرێت

هاوكات خاوەنی ئۆتۆمبێلەكە دەتوانێ دوای ئەوەی ئۆتۆمبێلەكەی تۆمار كرد و هەناردەی كرد، لە قۆناغی دواتردا سوود لە تابلۆكەی وەربگرێتەوە. 

لە كۆتایی نووسراوەكەشدا دووپات كراوەتەوە كە مانگانە چاودێریی نرخی ئۆتۆمبێل لە بازاڕدا دەكرێت، ئەگەر دەركەوت ئەم بڕیارە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخ و كاریگەریی نەرێنیی دروست كردووە، ئەوا دووبارە هەڵسەنگاندن بۆ بڕیارەكە دەكرێتەوە.



وشە - رامیار جەواد