بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانی سلێمانی، لە ماوەی مانگی ئایاری ئەمساڵدا 21 ئۆتۆمبێل ئاگریان گرتووە و سووتاون، هەروەك لە 23 ماڵیشدا ئاگر كەوتووەتەوە و لەلایەن تیمەكانیانەوە كۆنترۆڵ كراون.
ئەمڕۆ پێنجشەم 11ـی حوزەیران، بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانی سلێمانی بڵاوی كردەوە، لە مانگی ئایاری 2026 دا تیمە قارەمانەكانمان بەوپەڕی دڵسۆزی و خێراییەوە بە هانای 70 ڕووداوی جۆراوجۆری فریاگوزارییەوە چوون، توانیویانە لە كەمترین ماوەدا ڕووداوەكان كۆنترۆڵ بكەن.
باسی لەوەش كردووە، لە میانەی ئەركە مەیدانییەكاندا، تیمەكانمان ڕووبەڕووی چەندان جۆری ئاگركەوتنەوە بوونەتەوە، لەوانە: 23 ئاگری ماڵ، 21 ئاگری ئۆتۆمبێل، نۆ ئاگری شوێنی بازرگانی و دوو ئاگری ماتۆڕسكیل.
بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، لەگەڵ ئەم ڕووداوانەدا، تیمەكانی ئاگركوژێنەوە توانیویانە 92 حاڵەتی ئاگری پووش و پەڵاش و پاوانی میری بكوژێننەوە، كە بەهۆی لێهاتوویی كارمەندانمانەوە ڕێگریی لە تەشەنەسەندنیان كراوە بۆ ناوچەكانی دەوروبەر.
بەپێی لێكۆڵینەوە تەكنیكییەكان، گرفتی كارەبا و لێچوونی غاز بە هاوبەشی هۆكاری سەرەكیی زیاتر لە نیوەی ڕووداوەكان بوون. دەشڵێت، لە ئەنجامی ئەم ڕووداوانەدا، سێ هاووڵاتیی گیانیان لە دەست دا و 35 كەس بریندار بوون، بڕی زیانە داراییەكانیش بە نزیكەی 400 ملیۆن دینار خەمڵێنراوە.