سبەی پرۆسەی بە بازاڕكردنی گەنم دەست پێ‌ دەكات

:: AM:11:03:11/06/2026 ‌
بڕیارە سبەی لە سنووری هەولێر پرۆسەی بە بازاڕكردنی گەنم دەست پێ‌ بكات، سایلۆی هەولێر و قوشتەپە لەم پرۆسەیەدا گەنمی جووتیاران وەردەگرن.

ئەمڕۆ پێنجشەم 11ـی حوزەیران، میران بەختیار بەڕێوەبەری بازرگانی دانەوێڵەی هەولێر، بە "وشە"ـی راگەیاند، سبەی پرۆسەی بە بازاڕكردنی گەنم لە سنووری هەولێر دەست پێ‌ دەكات.

زیاتر گوتی، لەو پرۆسەیە هەردوو سایلۆی هەولێر و قوشتەپە كراوە دەبن و بەپێی ئەو بەرنامەیەی هەیە، وەرگرتنی گەنم دەست پێ‌ دەكات.

ئەوە لە كاتێكدایە سنووری پارێزگای هەولێر گەنمی ئەمساڵی یەكجار زۆرە، پێشبینی دەكرێت یەك ملیۆن تۆن گەنمی هەبێت، بەڵام عێراق هەمووی وەرناگرێت.

بۆ ئەوەی جووتیاران زیان نەكەن، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری داوە گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان هەناردەی وڵاتانی تر بكات، ئەو پرۆسەیەش لە ئەمڕۆوە بۆ تۆماری ناوی جووتیاران دەستی پێ‌ كردووە.



وشە - رامیار جەواد