بڕیارەكەی مەسروور بارزانی كەرتی كشتوكاڵی بووژاندەوە

:: AM:11:53:11/06/2026 ‌
دوێنی بەفەرمانی مەسروور بارزانی، بڕیار درا كە ئەو گەنمەی دەمێنێتەوە لە هەرێمی كوردستان هەناردەی دەرەوە بكرێت. ئەندامێكی كۆمەڵەی جووتیارانیش دەڵێت، چیتر جووتیاران لە پەرەپێدان و چاندنی بەرهەمەكانیانیان ناترسن.

ئەمڕۆ پێنجشەم 11ـی حوزەیران، سلێمان دیبەگەیی ئەندامی كۆمەڵەی جووتیارانی كوردستان، بە "وشە"ـی راگەیاند، تا دوێنێ‌ جووتیاران كێشەی ئەوەیان هەبوو ئەو گەنمەی هەیانە و عێراق وەریناگرێت، دەبێت هەزرانفرۆشی بكەن.

زیاتر گوتی، دوای بڕیارەكەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ هەناردەی گەنمی هەرێمی كوردستان بۆ دەرەوە، جووتیاران ئیتر بێخەم بوون و چیتر مەترسی پەرەپێدانی ئیشیان نییە، بەڵكو هەوڵی زیاتر دەدەن بەرهەمەكانیان زیاد بكەن.

باسی لەوەش كرد، جووتیارانی هەرێمی كوردستان ماوەی 15 ساڵە دەبنە قوربانی بڕیارەكانی عێراق و بەرهەمیان لێ‌ وەرناگیرێت، بۆیە هیوادارین سەرۆكی حكوومەت رێچارەیەكی یەكجاری بدۆزێتەوە و ئەو گەنمە بە وڵاتێك بفرۆشرێت و چیتر كێشەی وەرنەگرتنی گەنمان نەبێت.

دوێنێ‌ دەستەی وەبەرهێنان بڵاوی كردەوە، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سەرجەم ئەو جووتیار و كۆمپانیایانەی ئارەزوومەندن گەنمی هەرێمی كوردستان هەناردەی دەرەوە بكەن، دەتوانن لە ئێستەوە داواكاریی فەرمیی خۆیان پێشكەش بە دەستەی وەبەرهێنان بكەن بە مەبەستی وەرگرتنی ڕەزامەندی.

دەستەكە دووپاتی لەوە كردەوە، ئەم هەنگاوە لە پێناو خزمەتكردنی زیاتری جووتیاران و بەبازاڕكردنی بەرهەمەكانیانە. هاوكات ئاگادارییەكی خێرایان بڵاو كردەوە كە وادەی پێشكەشكردنی داواكارییەكان سنووردارە، تەنیا حەوت ڕۆژی لە بەردەمدایە لە ڕێكەوتی بڵاوكردنەوەی ئەم ئاگادارییەوە.

جێگەی ئاماژەیە، ئەم بڕیارە وەك بەشێك لە بەرنامەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دێت بۆ گرنگیدان بە سێكتەری كشتوكاڵ و دۆزینەوەی بازاڕی نوێ بۆ بەرهەمی خۆماڵی، تا جووتیاران بتوانن بە نرخی گونجاو بەرهەمەكانیان ساغ بكەنەوە و ئاستی بەرهەمهێنانی گەنم لە هەرێمدا زیاتر پەرە بستێنێت.



وشە - رامیار جەواد