دۆسیەی لاهوور ئێستە راگیراوە، لە میدیاكاندا باس لە سوڵح دەكرێت لەگەڵ كوڕانی تاڵەبانی، بەڵام لاهوور ئەو داوایە رەت دەكاتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەم 11ـی حەوەیران، دانا تەقیەدین پارێزەری لاهوور شێخ جەنگی، بە "وشە"ـی راگەیاند، ئەمڕۆ وەك تیمی پارێزەران لە گرتووخانە سەردانی لاهوور شێخ جەنگییان كرد.
زیاتر گوتی، ئەوەی ئێستە هەیە دۆخی تەندروستیی جێگیر و باشە، لاهوور شێخ جەنگی پێی گوتین نابێت هیچ هەنگاوێكی دەرەوەی یاسا بنرێت و پێویستە یاسا لە سەرووی هەمووانەوە بێت.
ئاماژەی بەوەش كرد، لاهوور شێخ جەنگی نیگەرانیی خۆی پێشان داوە لەوەی پێش وەڵامدانەوەی دادگای تەمیز، هەنگاو لە دۆسیەكەی بنرێت، بۆیە داوای كردووە دانیشتنەكانی دادگا بەڕێوە نەچن تا ئەو كاتەی بڕیاری كۆتایی لەسەر داواكارییە یاساییەكان دەردەچێت.
دەشڵێت، پێویستە رێڕەوی یاسایی دۆسیەكە بەبێ گوشار و دەستوەردانی لایەنی سیاسی بەڕێوە بچێت و دادگا بڕیاری كۆتایی لەسەر كێشەكان بدات.
ماوەی چەند رۆژێكە دەنگۆی گفتوگۆ و سوڵح لە سۆشیال میدیا باس دەكرێت، بەڵام لاهوور شێخ جەنگی سەرجەم ئەو داوایانەی رەت كردووەتەوە و دەیەوێت هەرچی هەیە لە دادگا یەكلا بكرێتەوە.