شەپۆلێکی باران و دابەزینی پلەکانی گەرما هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە

:: PM:08:46:12/06/2026 ‌
کەشێکی ناسەقامگیری کورتخایەن باکوور و باکووری خۆرهەڵاتی هەرێم دەگرێتەوە؛ لە ناوەڕاستی هەفتەشدا پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزن و کەشەکە فێنک دەبێت.

بەپێی پێشبینییەکانی کەشناس ''هەڤاڵ صدیق گەڵۆزی''، ڕۆژی یەکشەم ڕێکەوتی 14ـی حوزەیران بە هۆی هاتنی بارستە هەوایەکی ساردی جەمسەریی مامناوەندی شێدار بۆ سەر تورکیا و باکووری کوردستان، شەپۆلێکی تاوەبارانی بەخوڕ و هەورەبرووسکە ناوچەکە دەگرێتەوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەیش کردووە، بەهۆی کاریگەریی ئەم شەپۆلە و هاتنی بڕێک شێ، لە کاتەکانی پێش نیوەڕۆ تا عەسری ڕۆژی یەکشەمە، ئەگەری نمەباران یاخود تاوەبارانی بەخوڕی کورتخایەن و چالاکبوونی هەورەبرووسکە لە بەشێک لە ناوچەکانی سنووری پارێزگای دهۆک، ئیدارەی زاخۆ، باکووری موسڵ و بەشێک لە ناوچەکانی ئیدارەی سۆران و ڕاپەڕین هەیە.

هەمان کەشناس ئەوەشی خستووەتە ڕوو، لە ئێوارەی ڕۆژی یەکشەمەوە کاریگەریی ئەم بارستە هەوا ساردە زیاتر دەبێت و لە ڕۆژانی دووشەمە، سێشەمە و چوارشەمەدا، پلەکانی گەرما دابەزینی زیاتر بەخۆیانەوە دەبینن، بە جۆرێک لە کاتەکانی ڕۆژدا کەشێکی فێنکی مامناوەند لە تەواوی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بەدی دەکرێت و لە شەواندا تا کاتی بەرەبەیان، بەتایبەتی لە ناوچە شاخاوییەکان، تا ڕادەیەک هەست بە ساردی دەکرێت.



وشە - پێشەنگ مەحموود