وردەكاری سەردانەكەی تۆم باراك بۆ هەولێر و كۆبوونەوەی لەگەڵ سەركردایەتی كورد

:: AM:09:47:13/06/2026 ‌
بڕیارە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوودا تۆم باراك سەردانی عێراق و  هەرێمی كوردستان بكات و لەگەڵ سەرۆك بارزانی و نێچیرڤان بارزانی و مەسروور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی و مەزڵوم عەبدیش كۆدەبێتەوە.

باراك ڕۆژی دووشەم سەردانی عێراق دەكات و لەگەڵ عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق و چەند بەرپرسێكی باڵادا كۆدەبێتەوە، پاشان سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات.

لە سەردانەكەیدا باراك لەگەڵ هەریەك لە سەرۆك بارزانی، مەسروور بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، بافڵ تاڵەبانی و مەزڵوم عەبدی كۆدەبێتەوە.

باراك داوای هەڵوەشاندنەوە و چەككردنی میلیشیاكان  لە سەركردەكانی عێراق دەكات، كە لە مانگی نیساندا هێرشیان كردبووە سەر دیپلۆماتكارانی ئەمەریكی.


باراك هەوڵ دەدات عێراق بەرەو هاوكاری وزە و بازرگانی لەگەڵ توركیا و سووریا ئاراستە بكات، بۆ ئەوەی پشتبەستن بە ئێران كەمبكاتەوە.

ئەلمۆنیتەر ئاماژەی دا، هەرچەندە هێزەكانی سەر بە موقتەدا سەدر و هەندێك گرووپی وەك "عەسائیبی ئەهلی حەق" ئامادەیی خۆیان بۆ رادەستكردنی چەك نیشان داوە، بەڵام چاودێران بە گومانەوە دەڕواننە ئەم هەنگاوە و پێیان وایە رەنگە تەكتیكێكی ئێرانی بێت بۆ كەمكردنەوەی فشارەكان لە كاتی دانوستانە ئەتۆمییەكاندا.

تۆم بەڕاك پێش گەشتەكەی، لەگەڵ هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا كۆبووەتەوە و هەوڵ دەدات عێراق لەژێر هەژموونی تاران دەربهێنێت، پێش ئەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە مانگی ئەیلوولی داهاتوودا بە تەواوی لە عێراق بكشێنەوە.



وشە - سۆران عەزیز