بڕیاری وەرگرتنی تەواوی گەنمی جووتیارانی كوردستان درا

:: AM:10:41:13/06/2026 ‌
وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە هەرێمی كوردستان دەستی پێكرد، ئەمساڵ هیچ جووتیارێك پێویست ناكات نۆرە بگرێت، بەڵكوو كراوەتە ئەلیكترۆنی و قەرەباڵغی بەردەم سایلۆكان نامێنێت، بڕیاریش دراوە ئەو گەنمەی دەمێنێتەوە لە جووتیاران وەربگیرێت.

ئەمڕۆ شەموو 13ـی حوزەیران، نەوزاد شێخ كامیل بەڕێوەبەری بازرگانیی هەرێمی كوردستان، رای گەیاند، بۆ ئەمساڵ 400 هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران وەردەگیرێت و هەوڵ دەدرێت ئەو بڕەی دەمێنێتەوە لە گەنمی جووتیاران لەلایەن كەرتی تایبەتەوە وەربگیرێت.

زیاتر گوتی، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لیژنەیەكی بۆ ئەو مەبەستە پێكهێناوە.

ئاماژەی بەوەش دا، بۆ ئەمساڵ 400 هەزار تۆن گەنم، لە سایلۆكان وەردەگیرێت، لە چوارچێوەی پلاندا،  292 هەزار تۆن گەنم بە نرخی 700 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێك وەردەگیرێت. هاوكات لە دەرەوەی پلاندا، 108 هەزار تۆن گەنم بە نرخی 500 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێك وەردەگیرێت.



وشە - رامیار جەواد