دوای نزیكەی 50 رۆژ لە مردنی، هێشتا كۆمەڵێك میدیا بەردەوامن و لە درۆ و بوختان و چەواشەكردن و شێواندنی كەسایەتیی فارووق رەفیق، خێزانەكەشی روونكردنەوەیەكی تریان بڵاو كردەوە.
پەیج و سایت و هەندێك میدیا كە زیاتر سەربە "ئیسلامییەكان"ن، نزیكەی 50 رۆژە بەردەوامن لە درۆ و بوختان و شێواندنی مێژووی نووسەری دیاری كورد فارووق رەفیق، لە نوێترین درۆیاندا بڵاویان كردووەتەوە، گوایە تەرمی فارووق لە گردی سەیوان بەنهێنی گوازراوەتەوە بۆ"گردێك"ی تر و واش ئاماژەی پێ دەدەن كە دەكرێتە مەزار.
لەمبارەیەوە خێزانەكەی روونكردنەوەیەكیان بڵاو كردووەتەوە و ئاماژە بەوە دەكەن، دوا بە دوای ئەوەی تەرمی فاروق ڕەفیق بە ئەمانەت لە گۆڕستانی سەیوان نێژرا، لەسەر داوای منداڵەكان و بنەماڵەی كاك فارووق و بەپێی یاسا كارپێكراوەكان، تەرمەكەی بۆ گۆڕستانی نوێی سلێمانی گواسترایەوە و ئارامگەی نوێی كاك فارووق گۆڕستانی گشتییە و نەك شوێنێكی تایبەت و دوور لە خەڵك، وەك چۆن هەموو تەمەنی لە خەمی جڤات بووە و هەرگیز بنەماڵەكەشی دژ بە ئایدیاكانی فارووق رەفیق بڕیار نادەن و ئارامگەكەشی گۆڕستانی گشتییە.
ئاماژەشیان بەوە داوە، لە دوای ئەو هەواڵەوە هەر چەشنە هێرش و بێڕێزییەك بەرانبەر خێزانەكەی یان گڵكۆی ڕەوانشاد فارووق ڕەفیق بكرێت، بەپێی یاسا كارپێكراوەكان و بەتایبەت یاسای سزادانی عێراقی ژمارە ١١١ ساڵی ١٩٦٩ی موعەدەل مادەكانی ٣٧٤ و ٣٧٣، ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبێتەوە . هەر دەزگایەكی میدیایی ببێتە هۆكار بۆ بێڕێزیكردن بەرانبەر ڕەوانشاد بە هاندەر ئەژماری دەكەین و سكاڵای یاسایی دژیان تۆمار دەكەین.