ئەحمەد تورك: منداڵی بنەماڵەیەكی خاوەن زەویوزارم لە كوردستان بەڵام ناسنامە و زمانم نییە

:: AM:09:53:15/06/2026 ‌
ئەحمەد تورك سیاسەتوان و سەرۆكی شارەوانی لەكارلادراوی مێردین رای گەیاند، كرداری دەسەڵاتدارانی توركیا كوردیان لە پرۆسەی ئاشتی نائومێد كردووە و گوتی،  ئەوەی پرۆسەی ئاشتی تێكدەدات كورد نییە.

ئەحمەد تورك لە كۆنفرانسی "وەرچەرخانی دیموكراتیی كۆمار لە سەدەی دووەمدا" لە ئیستانبوڵ، دووپاتی لە گرنگیی بژاردەی دیموكراتی بۆ چارەسەركردنی پرسی كورد كردەوە و ڕای گەیاند، داواكاریی بنەڕەتیی كورد بریتییە لە ناسنامە، زمان و هاووڵاتیبوونی یەكسان.

ئەحمەد تورك ئاماژەی بە مێژووی پڕ لە ئاستەنگی خەباتی سیاسیی كورد كرد لە سەردەمی پارتی ڕەنجی گەل (HEP)ـەوە تا ئێستە كرد و گوتی: سەرەڕای گوشار و داخستنی هەشت پارتی سیاسی، ئێمە هەمیشە داكۆكیمان لە كۆبوونەوەی گەلانی كورد و تورك لە دەوری بەها دیموكراتییەكان كردووە.

دەشڵێت، "تەنانەت لە ساڵانی نەوەتەكاندا و لە كاتی تیرۆركردنی هاوڕێیانی وەك مووسا عەنتەر و محەمەد سینجار، دەستبەرداری ڕێبازی خەباتی دیموكراتی نەبووین."

ئەو سیاسەتمەدارە كوردە یادەوەرییەكی ساڵی 1993ی لەگەڵ تورگوت ئۆزال سەرۆك كۆماری كۆچكردووی توركیا گێڕایەوە كە پێش سەردانەكەیان بۆ شام بۆ لای عەبدوڵا ئۆجەلان پێی ڕاگەیاندبوون: "چەك چارەسەر نییە و دەبێت سیاسەتی دیموكراتی بەهێز بكرێت."

ئەو ڕەخنەی لە ناڕوونیی پرۆسەی ئێستەی چارەسەری گرت و هۆشداریی دا لەوەی نەبوونی نەخشەڕێگەیەكی ڕوون، جۆرێك لە بێمتمانەیی لە كۆمەڵگەدا دروست كردووە، بەڵام دووپاتی كردەوە كە كورد نابێتە هۆكاری تێكدانی ئاشتی و بە سەبرەوە چاوەڕوان دەبێت.

لە بەشێكی تری گوتارەكەیدا، ئەحمەد تورك بە هێنانەوەی نموونەیەك لە ژیانی خۆی وەك وەڵامێك بۆ پرسیاری "كورد چی دەوێت؟" گوتی: "من منداڵی بنەماڵەیەكی خاوەن زەویوزاری بەربڵاوم لە كوردستان، بەڵام ناسنامەم نییە، زمانم نییە و گەلەكەم نادیدە دەگیرێت. ئاخر كێشەی كورد منم، كێشەی كورد ڕێك لێرەدایە."

تورك گوتی: ”بەدڵنیاییەوە بۆ ئەوەی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا ببێتە ئاشتییەكی بەردەوام، وەك كورد هەموو هەوڵێك دەدەین، ئێمە وەك بزووتنەوەی كورد، زۆر بەسەبرەوە چاوەڕێ دەكەین، ئەگەر ئەو پرۆسەیەش تێكبچێت ئەوە كورد نییە تێكیدەدات، بەڵام دەبێت ئەوە بزانین لەناو كۆمەڵگەدا بێئومێدییەكی زۆر برەوی سەندووە."

تورك باس لەوەش دەكات، سەرەڕای ئەوەی عەبدوڵا ئۆجەلان لە 27ی شوبات داوای لە پەكەكە كرد چەك دابنێت، پاشان چەندان كۆبوونەوەی گرنگ لە ئاستی باڵادا ئەنجام درا، بەڵام تا ئێستە نازانن نەخشەڕێگەی ئەو پڕۆسەیە چۆنە؟ چاوەڕوانی چییان لە ئێمەیە و قەندیل لەوبارەیەوە چی دەڵێت؟ ئەمەش راستییەكە دەبێت باس بكرێت.
 
ئەحمەد تورك لەو كۆنفرانسەدا باسی لەوەش كرد، سێ جار لەسەر یەك لەلایەن خەڵكەوە وەك سەرۆكی شارەوانیی مێردین هەڵبژێردرا، بەڵام لەلایەن دەوڵەتەوە قەیومی لەسەر دانرا و دەڵێت: ”ئێستە دێن بە كورد دەڵێن چیت دەوێت و یان دەڵێن كورد چی دەوێت؟ 

ئەحمەد تورك پێی وایە كورد هەرگیز نەتەوەیەك نەبووە جیاوازیی لە نێوان پێكهاتەكاندا بكات، بەڵكو هەمیشە هەوڵی بۆ یەكگرتوویی بووە، هەمیشە بەرگری لە كۆمەڵگەیەكی ئاشتیخواز و برایەتی كردووە.



وشە - سۆران عەزیز