نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە رێككەوتنی نێوان ئەمەریكا و ئێران دەكات و رای گەیاند، هیوادارم هەموو لایەنەكان بە نیازپاكییەوە كار بكەن بەرەو جێبەجێكردنی تەواوەتیی رێككەوتنەكە.
رۆژی دووشەم 15ـی حوزەیران، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پەیامێكدا رای گەیاند: "پێشوازیی لە راگەیاندنی رێككەوتنی نێوان ئەمەریكا و ئێران دەكەم".
لە پەیامەكەیدا هاتووە، هیوادارم هەموو لایەنەكان بە نیازپاكییەوە كار بكەن بەرەو جێبەجێكردنی تەواوەتیی رێككەوتنەكە، بەو ئامانجەی كە سەقامگیری، ئاسایش و خۆشگوزەرانی لە ناوچەكەدا بەهێز بكات.
هاوكات دەڵێت، پڕبەدڵ سوپاس و پێزانینی خۆم ئاراستەی هەموو ئەو كەسانە دەكەم كە رۆڵیان لە ئاسانكاری و پشتگیریكردنی ئەم دەستكەوتەدا هەبووە".
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەم 15ـی حوزەیران ئەمەریكا و ئێران گەیشتنە رێككەوتنێكی گشتگیر و مێژوویی بۆ كۆتاییهێنان بە شەڕ و گرژییەكان.
هاوكات ئاگربەست لە لبنان و كردنەوەی گەرووی ستراتیژیی هورمزیش بەشێكن لە رێككەوتنەكە.
بڕیارە رۆژی هەینی، 19ـی حوزەیران ئەم رێككەوتنە لە سویسرا بە فەرمی واژۆ بكرێت، بەمەش كۆتایی بەو قەیرانە دێت كە گیانی هەزاران كەسی كردە قوربانی و بازاڕی جیهانیی وزەی تێكدا.