نێچیرڤان بارزانی و باڵوێزی بەریتانیا دۆخی ناوچەكە تاوتوێ دەكەن

:: PM:03:27:15/06/2026 ‌
سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازیی لە باڵوێزی بەریتانیا لە عێراق كرد، لە كۆبوونەوەی نێوانیاندا پێوەندییەكانی بەریتانیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان، دۆخی سیاسیی عێراق و پێكهێنانی حكوومەتی فیدراڵی تاوتوێ كران.

ئەمڕۆ دووشەم 15ـی حوزەیران، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە ئیرفان سدیق باڵوێزی بەریتانیا لە عێراق كرد.

لە دیدارەكدا پێوەندییەكانی بەریتانیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان، دۆخی سیاسیی عێراق و پێكهێنانی حكوومەتی فیدراڵی تاوتوێ كران. دووپاتیان لەسەر گرنگیی بەردەوامیی هاوكاری و هاوئاهەنگیی هێزە سیاسییەكان لە پێناو پاراستنی سەقامگیری، ئارامی و سەروەریی وڵاتدا كردەوە.

هەردوولا لەبارەی دۆخی سیاسی لە هەرێمی كوردستان و هەوڵەكان بۆ تێپەڕاندن و چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكان بیروڕایان گۆڕییەوە، هەروەها بەردەوامیی دیالۆگ و لێكگەیشتنی هەولێر ـ بەغدایان بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان بە پێویست زانی.

دوایین پێشهاتە هەرێمییەكان و دۆخی ناوچەكە، تەوەرێكی تری دیدارەكە بوو؛ تێیدا وێڕای پێشوازی، خۆشحاڵییان بە ڕاگەیاندنی ڕێككەوتنی نێوان ئەمەریكا و ئێران دەربڕی و هیوایان خواست ببێتە هۆكاری هێنانەدیی ئاشتی و سەقامگیرییەكی جێگیر لە ناوچەكەدا، هەروەها دووپاتیان لە گرنگیی چارەسەركردنی ئاشتییانەی كێشە و ناكۆكییەكان كردەوە.

كونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان، ئامادەی دیدارەكە بوو.



وشە - رامیار جەواد