هێمن مەحموود: زووم زیانی دوو ملیۆن دۆلاری بەركەوتووە و كونسوڵی وڵاتانمان ئاگەدار كردەوە

:: PM:06:47:15/06/2026 ‌
بەڕێوەبەری گشتیی كەناڵی زووم كە خاوەندارییەتەكەی پێشتر بۆ لاهوور شێخ جەنگی دەگەڕایەوە رای دەگەیەنێت، بە گوێرەی خەمڵاندنەكان نزیكەی دوو ملیۆن دۆلار زیان بەر كەناڵەكە كەوتووە و داوا دەكات قەرەبوو بكرێنەوە. 

هێمن مەحموود بەڕێوەبەری گشتیی كەناڵی زووم كە دوای رووداوەكانی 22ی ئاب كەناڵەكەیان بە زەبری هێزی چەكداری داخرا، بۆ "وشە" گوتی، 10 مانگ دەبێت ستۆدیۆی سەرەكی كەناڵەكە داخراوە و هێشتا هێزی چەكداری لێیە كە بەهۆی داخستنی بڕیارەكەوە زیاتر لە 200 ڕۆژنامەنووس نانبڕاو بوون. 

ڕوونیشی كردەوە، بەگوێرەی خەمڵاندنەكان نزیكەی دوو ملیۆن دۆلار زیان بەر كەناڵەكە كەوتووە كە هێشتایش وەڵامێكی یەكلا كەرەوە نەبووە كە بڵێن كەناڵەكەتان نادەینەوە.

ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد كە ئەو پرسەیان گەیاندووەتە كونسوڵی وڵاتان، چونكە زووم لە دەرەوەی ململانێیی سیاسیی بووە و پێویستە قەرەبوو بكرێنەوە. 

هێمن مەحموود سەرسووڕمانی خۆی نیشاندا لە سلێمانی كە شاری رۆشنبیرییە كەناڵێك دابخرێت و كارمەندەكانی بێ‌ كار بكەن، ئیتر چۆن باسی ئازادی رۆژنامەنووسی دەكەن. 

شەوی 22ی ئاب، چەكدارانی یەكێتی هێرشیانكردە سەر هۆتێل لالەزار لە سلێمانی و دوای شەڕ و رووبەڕوبوونەوەیەكی زۆر و كوشتن و سووتاندنی چەندان كەس، لاهوور شێخ جەنگی و گرووپێكی نزیكی گیران، هەر ئەو شەوەیش چەكدار چوونە سەر كەناڵی زووم و دایانخست. 





وشە - وشه‌