سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ نێردەی تایبەتیی سەرۆكی ئەمەریكا كۆبووەوە، تۆم باراک گوتی، سەرۆك ترەمپ ڕێزی بۆ كورد هەیە.
ئەمڕۆ سێشەم 16ـی حوزەیران، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە شاندێكی ئەمەریكی بە سەرۆكایەتیی باڵوێز تۆم باراك نێردەی تایبەتیی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ عێراق و سووریا و باڵوێزی ئەمەریكا لە توركیا كرد .
لە كۆبوونەوەكەدا كە جۆشوا هاریس هەڵسووڕێنەری كاروباری باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا و جەنەراڵ كێڤن لامبێرت فەرماندەی گشتیی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا ئامادەی بوون، دۆخی گشتیی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە تاوتوێ كرا.
سەرۆكی حكوومەت سوپاس و پێزانینی هەرێمی كوردستانی بۆ هاریكاری و پشتیوانیی بەردەوامی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دووپات كردەوە، دووپاتی لە گرنگیی بەهێزتركردنی پێوەندیی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەكاندا كردەوە.
تۆم باراك وێڕای ستایشكردنی كاروانی پێشكەوتن و ئاوەدانیی هەرێمی كوردستان، ئاماژەی بەوە دا كە سەرۆك ترەمپ ڕێزێكی تایبەتی بۆ گەلی كورد و هەرێمی كوددستان و سەركردایەتیی سەرۆك مەسعوود بارزانی هەیە .
هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی پەرەپێدانی زیاتری پێوەندیی بازرگانیی لە نێوان ئەمەریكا و عێراق و هەرێمی كوردستان و چالاكی و بەشداریی زیاتری كۆمپانیا ئەمەریكییەكان لە عێراق و هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی لە بواری وزەدا.
هەردوولا دووپاتیان لە پێویستیی پشتیوانیكردنی حكوومەتی نوێی فیدراڵ بە سەرۆكایەتیی سەرۆك وەزیران عەلی زەیدی كردەوە، لە پێناو گەشەپێدانی ئابووری و خزمەتكردنی گشت هاووڵاتییان و پێكهاتەكانی عێراق بە یەكسانی و بێ جیاوازی، هەروەها چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان لەسەر بنەمای دەستوور.
هەروەها هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێم و كۆتاهێنان بە چەقبەستوویی سیاسی لە نزیكترین كاتدا.