كەمال كەركووكی: پەرلەمانتارانی پارتی ئامادەن و هی حزبەكانی تریش ئۆقرەیان نەماوە

:: PM:04:18:16/06/2026 ‌
ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان رای دەگەیەنێت، پەرلەمانتارانی پارتی ئامادەن بۆ كۆبوونەوەی كاراكردنەوەی پەرلەمان، پەرلەمانتارانی حزبەكانی تریش ئۆقرەیان نەماوە و دەیانەوێ‌ پەرلەمان كارا بكرێتەوە. 

ئەمڕۆ سێشەم 16ی حوزەیران، كەمال كەركووكی ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی، بۆ رۆژنامەنووسان گوتی، پەرلەمانتارانی كوردستان سوێندیان خواردووە كە داكۆكی لە مافی خەڵك دەكەن، ئێستە چۆن دەبێت پەرلەمان بایكۆت بكەن لە كاتێكدا هیچ كۆبوونەوەیەكی نەكردووە. 

ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد كە هەنگاوی یەكەم دەبێت پەرلەمان كارا بكرێتەوە و دواتر كێشەكان هەرچییەكە لەوێ‌ چارەسەری بكەن، یان پەرلەمانتاران ئەو كاتە ئازادن دەنگ بە كام وەزیری حكوومەت نادەن. 

كەركووكی ئەوەیشی ئاشكرا كرد كە هەوڵ بۆ كۆبوونەوەی پارتی و یەكێتی هەیە، بەڵام سەرەتا كاراكردنەوەی پەرلەمان گرنگە. 

بە گوتەی كەمال كەركووكی، پەرلەمانتارانی پارتی ئامادەن بۆ كۆبوونەوەی كاراكردنەوەی پەرلەمان ، پەرلەمانتاری حزبەكانی تریش ئۆقرەیان نەماوە و دەیانەوێ‌ پەرلەمان كارا بكرێتەوە ئەگەر حزبەكانیان ڕێگرییان لێ‌ نەكەن، دەگەڕێنەوە. 




وشە - وشه‌