سەرۆكایەتی هەرێم ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و تۆم باراكی بڵاو كردەوە

:: PM:04:39:16/06/2026 ‌
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە تۆم باراك نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بۆ كاروباری عێراق و سووریا كرد.

لە كۆبوونەوەیەكدا، پێوەندییەكانی ئەمەریكا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان تاوتوێ كران و لەمبارەیەوە نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا پشتگیریی بەهێزی وڵاتەكەی بۆ حكوومەتی نوێی عێراق دووپات كردەوە، هەروەها هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی كۆنترۆڵكردنی چەك لەلایەن دەوڵەتەوە.

لای خۆیەوە، نێچیرڤان بارزانی دووپاتی لە پشتگیریی هەرێمی كوردستان لە حكوومەتی  عەلی زەیدی و چارەسەركردنی كێشەكانی عێراق، بەتایبەتی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵ، لەسەر بنەمای دەستوور، كردەوە.

هەردوولا كۆك بوون لەسەر گرنگیی گۆڕینی شێوازی پێوەندییەكانی نێوان ئەمەریكا و عێراق بۆ هاوبەشییەكی ئابووریی هاوسەنگ و درێژخایەن، بە شێوازێك كە خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاكانی هەردوولا بگەیەنێت.

دوایین پێشهاتەكانی ناوچەكە، دۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و پێوەندییەكانی هەولێر ـ بەغدا، تەوەرێكی تری دیدارەكە بوو، تیایدا ستایشی ڕێككەوتنی نێوان ئەمەریكا و ئێرانیان بۆ كۆتاییهێنان بە شەڕ كرد و هیوایان خواست ببێتە هۆكاری هێنانەدیی ئاشتی و ئارامی لە ناوچەكەدا.



وشە - وشه‌