نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، كۆبوونەوەیەكی هاوبەشی لەگەڵ تۆم باراك نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بۆ كاروباری عێراق و سووریا و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) ئەنجام دا.
لە كۆبوونەوەكەدا، دوایین پێشهاتە سیاسی و تەناهییەكانی ناوچەكە و دۆخی سووریا و هاریكاریی كورد و دیمەشق تاوتوێ كران. نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا دووپاتی لە بەردەوامیی پشتگیریی وڵاتەكەی بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیری و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ كێشەكان لە سووریا كردەوە.
لای خۆیەوە، نێچیرڤان بارزانی دووپاتی كردەوە كە گفتوگۆ و لێكگەیشتنی نێوان لایەنەكان و پاراستنی مافەكانی كورد و پێكهاتەكان لە سووریا ڕێگەیەی چارەسەركردنی كێشەكانە و هەر لەمبارەیەوە هەموو هاوكاری و پشتگیرییەكی هەرێمی كوردستانی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری نیشان دا.
پەرەپێدانی هاریكاری و هەماهەنگیی هاوبەش لەپێناو بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەكانی تیرۆر و هێنانەدیی ئاسایش و ئارامییەكی جێگیر لە ناوچەكەدا، تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكە بوو.