كۆبوونەوەی سەرۆك بارزانی و تۆم باراك: پێویستە هەموو لایەك پەند لە هەڵەكانی ڕابردوو وەرگرن

:: PM:05:43:16/06/2026 ‌
لە پیرمام سەرۆك مەسعوود بارزانی پێشوازی لە باڵوێز تۆم باراك نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ كاروباری عێراق و سووریا كرد.

لە دیدارەكەدا نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ كاروباری عێراق و سووریا وێڕای گەیاندنی سڵاوی سەرۆك ترامپ بە سەرۆك بارزانی خۆشحاڵیی خۆی بۆ دیداری لەگەڵ سەرۆك بارزانی نیشاندا و پێزانینی بۆ ڕۆڵ و پێگەی سەرۆك بارزانی لە سەقامگیریی عێراق و ناوچەكە هەبوو.

 دووپاتی لەوە كردەوە كە عێراق و ناوچەكە پێویستی بە سەقامگیری هەیە و لەوەشدا هەرێمی كوردستان ڕۆڵێكی گرنگ و جێی بایەخی لە ئێستە و ئایندەدا هەیە. هەروەها سەرسامیی خۆیشی بە گەشە و پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان دەربڕی و بە نموونەیی وەسفی كرد.

هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپات كردەوە كە هەرێمی كوردستان هەردەم فاكتەری سەقامگیری بووە و لەگەڵ دیالۆگ و چارەسەری دیپلۆماسی بووە بۆ  سەرجەم كێشەكانی عێراق و ناوچەكە، هەرێمی كوردستان هیچ كاتێك بەشێك نەبووە لە كێشەكان بەڵام بەناهەق پریشكی شەڕ و ناكۆكییەكانی ناوچەكەی بەركەوتووە.

 سەرۆك بارزانی ئەوەشی خستەڕوو كە پێویستە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دۆخێكی سەقامگیر و خوشگوزەرانی بۆ دانیشتوانەكەی بڕوات.

لە تەوەرێكی تری ئەو دیدارەدا ڕۆشنایی خرایە سەر گرنگیی كاری پێكەوەیی و هەماهەنگی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی نوێی عێراق و نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ كاروباری عێراق و سووریا باسی لە پێویستیی سەقامگیركردن و پاراستنی سیستەمی سیاسیی عێراق و پاراستنی ڕۆڵی دەوڵەت لە كۆنتڕۆڵكردنی هێزە چەكدارە ناڕەسمییەكان كرد و پشتیوانیی خۆی بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ دووپات كردەوە لە پڕۆسەی داماڵینی چەك لەدەستی میلیشیات و هاتنەوەی بۆ ژێر دەستەڵاتی دەوڵەتی عێراق.

 سەبارەت بە حكوومەتی نوێی عێراق، سەرۆك بارزانی وێڕای دووپات لە پاڵپشتیكردنی عەلی زەیدی، ئەوەی خستەڕوو پێویستە هەموو لایەك پەند لە هەڵەكانی ڕابردوو وەرگرن و لەسەر بنەمای هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان و لە چوارچێوەی دەستووردا كار بكرێت.

لە بەشێكی تری دیدارەكەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخ و هاوكێشەكانی ناوچەكە ئاڵوگۆڕ كرا و هەورەها هەردوولا لەسەر ئەوە هاوڕا بوون كە پێكەوە كار لەسەر كۆمەڵێك ئەولەوییەتی هاوبەش بكەن بۆ سەقامگیریی عێراق و هەرێمی كوردستان و بنیاتنانی دۆستایەتیی ستراتیژیی درێژخایەن لەڕووی ئابووری و برەودان بە وەبەرهێنان.



وشە - وشه‌