دوای 19 مانگ چاوەڕوانیی پارتی كۆتایی هات.. پەرلەمان كارا دەكرێتەوە

:: AM:09:53:17/06/2026 ‌
پارتی 19 مانگ چاوەڕێی یەكێـتی كرد تا پەرلەمان وەك دامەزراوەیەكی گرنگی كوردستان كاری خۆی بكات، حكوومەتی نوێ پێكبهێنرێت و هەرێمی كوردستان سەرقاڵ نەكرێت بەكێشەی لابەلاوە، بەڵام یەكێتی هەر سوور بوو لەسەر ئەوەی زیان بەدامەزراوەكانی هەرێم بگەیەنێت، بۆیە چیتر پارتی چاوەڕێ ناكات.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە" هەفتەی داهاتوو پارتی كۆتا هەوڵی خۆی لەگەڵ یەكێتی دەدات، هەوڵی رژد دەدرێت لەگەڵ یەكێتی حكوومەتی نوێ پێكبهێنرێت و پەرلەمانیش دەست بەكارەكانی خۆی بكاتەوە.

"وشە" زانیویەتی ئەگەر یەكێتی هەر سوور بوو لەسەر پەكخستنی دامەزراوەكانی كوردستان، وەك سەرەتا پارتی هەوڵ دەدات پەرلەمان كارا بكرێتەوە و دواتریش كار لەسەر حكوومەتی نوێ بكرێت.

سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە 600 ڕۆژ نزیكەی 19 مانگ بەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان كە لە 20ی تشرینی یەكەمی 2024 ئەنجام درا، تا ئێستە لایەنە سیاسییەكان نەگەیشتوونەتە هیچ ڕێككەوتنێكی كۆتایی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت.

بەپێی زانیارییەكان، تۆم باراكیش لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی لە بەغدا ئەو پرسەی باس كردووە، نیگەرانی قووڵی خۆی پێ راگەیاندوون كە ئەوەی ئەوان دەیكەن لە بەرژەوەندیی ئێرانە و و قبووڵكراو نییە.

هاوكات تۆم باراك لەگەڵ سەركردایەتیی پارتیش ئەو بابەتەی باس كردووە و پێی راگەیاندوون، بەزووترین كات پەلەمان كارا بكەنەوە و دۆخی هەرێم ئاسایی بكرێتەوە تا كوردستان بە بەهێزی بمێنێتەوە.

بەرپرسانی ئەمەریكا لەوە دڵنیان ئەو هەلومەرجەی لە كوردستان هاتووتە ئارا لە بەرژەوەندیی ئێرانە، بۆیە رژدن لەسەر ئەوەی هەرێمێكی بەهێز لەناو چوارچێوەی عێراقێكی سەقامگیردا هەبێت، ئەوەش تەنیا بە كاراكردنەوە و پێكهێنانی حكوومەتی نوێ و رێككەوتنی لایەنە سیاسییەكان دەكرێت.

یەكێتی لە ماوەی ئەم 600 رۆژەدا بەردەوام ئاستەنگی بۆ پێكهێنانی حكوومەت و پەرلەمانی كوردستان دروست كردووە، زیانی گەورەی بەدامەزراوەكانی كوردستان گەیاندووە و بەم كارەش مەترسی لەسەر سەروەریی كوردستان دروست كردووە، بۆیە پارتی پێی وایە چیتر ئەمە قابیلی قبووڵكردن نییە.



وشە - سۆران عەزیز