سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازیی لە پارێزگاری بەغدا كرد. دووپات لە گرنگیی بەهێزكردنی هاوئاهەنگیی نێوان هەولێر و بەغدا وەك دوو ناوەندی سەرەكیی عێراق كرایەوە.
ئەمڕۆ چوارشەم 17ـی حوزەیران، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە عەتوان ئەلعەتوانی پارێزگاری بەغدا و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارێكدا دووپات لە گرنگیی بەهێزكردنی هاوئاهەنگیی نێوان هەولێر و بەغدا وەك دوو ناوەندی سەرەكیی عێراق كرایەوە، بەتایبەتی لە بوارەكانی خزمەتگوزاری، گەشەپێدان و شارەوانیدا لە پێناو بەرزكردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەكان بۆ هاووڵاتییان.
نێچیرڤان بارزانی پشتگیریی هەرێمی كوردستانی بۆ قووڵكردنەوەی هاوكاری و هاوبەشیی نێوان هەردوو پارێزگای هەولێر و بەغدا لە بوارە جیاجیاكاندا دووپات كردەوە، هەروەها سوودوەرگرتنی لە ئەزموونە سەركەوتووەكانی یەكتر بۆ خزمەتكردنی باشتری هەردوو پارێزگاكە بە پێوست زانی.
گرنگیی بەردەوامیی پێوەندی و هاوكاری بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆسەی ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدان لە هەردوو شارەكەدا، تەوەرێكی تری دیدارەكە بوو كە ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر ئامادەی بوو.