مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە عەتوان ئەلعەتوانی، پارێزگاری بەغدا و شاندێكی یاوەری كرد.
لە كۆبوونەوەكەدا، دووپات لە پێویستیی پەرەپێدانی هاریكاری و هاوئاهەنگی نێوان بەغدا و پارێزگەكانی تری عێراق لەگەڵ هەرێمی كوردستان كرا لەپێناو باشتركردنی دۆخی خزمەتگوزارییە گشتییەكان.
پارێزگاری بەغدا ستایشی ئاوەدانی و گەشەپێدانی هەمەلایەنی هەرێمی كوردستانی كرد و خواستی خۆی بۆ سوودوەرگرتن لە ئەزموونی سەركەوتووی هەرێم نیشان دا.
سەرۆكی حكوومەت ئامادەییی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ هەر هاوكارییەكی پێویست لەگەڵ بەغدا و پارێزگەكانی تری عێراق دەربڕی.