وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پارێزگاری بەغدا لە هەولێر كۆبوونەوە و دووپاتیان لە پەرەپێدانی هاوئاهەنگی هاوبەش كردەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەم 18ی حوزەیران، لە چوارچێوەی سەردانێكیدا بۆ هەرێمی كوردستان عەتوان عەتوانی پارێزگاری بەغدا لەگەڵ ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.
بە گوێرەی راگەیەنراوی وەزارەتی ناوخۆ، لەو دیدارەدا دووپات لە بەهێزكردنی پێوەندییەكان و ڕێكخستنی هاوئاهەنگی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پارێزگای بەغدا كرایەوە.
پارێزگاری بەغدا، ستایشی ئاوەدانی و پێشكەوتنی هەمەلایەنی هەرێمی كوردستانیان كرد و ئارەزووی خۆیان بۆ سوودوەرگرتن لە ئەزموونی سەركەوتووی هەرێم لە بەڕێوەبردن و ئاوەدانكردنەوەدا دەربڕی.
هەردوولاش ئامادەیی خۆیان نیشان دا بۆ كاركردنی پێكەوەیی بە ئامانجی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە گشتییەكان بە هاووڵاتییان .