شەپۆلێکی تری گەرما ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکات

:: PM:12:33:19/06/2026 ‌
ئەمڕۆ هەینی 19ی حوزەیرانی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، پێشبینییەکانی بۆ کەشوهەوای 48 سەعاتی داهاتوو بڵاو کردەوە و ئاماژە بە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما دەکات.

بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، سەبارەت بە کەشی ئەمڕۆ هەینی، ئاسمان ساماڵ دەبێت. ئاراستەی با باکووری ڕۆژئاوا دەبێت و خێرایییەکەی لەسەرخۆ بۆ مامناوەند دەبێت، کە لە نێوان 15 بۆ 20 کیلۆمەترە لە سەعاتێکدا. مەودای بینین لە نێوان هەشت بۆ 10 کیلۆمەتر دەبێت. پلەکانی گەرماش کەمێک بەرز دەبنەوە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ ئەمڕۆ بەم شێوەیە دەبن: هەولێر 42، پیرمام 38، حاجی ئۆمەران 29، بارزان 41، سلێمانی 41، چەمچەماڵ 42، دهۆک 40، زاخۆ 41 و ئاکرێ 41 پلەی سیلیزی.

هەروەها بۆ سبەی شەموو 20ی حوزەیران، کەشناسی پێشبینی دەکات کە ئاسمان ساماڵ بێت. ئاراستەی با باکووری ڕۆژئاوا دەبێت و خێرایییەکەی کەمتر دەبێتەوە بۆ پێنج تا 15 کیلۆمەتر لە سەعاتێکدا. مەودای بینین هەمان ئاستی ئەمڕۆ دەبێت. بەڵام پلەکانی گەرما یەک تا دوو پلە بەراورد بە ئەمڕۆ بەرزتر دەبنەوە.

بەپێی پێشبینییەکان، بەرزترین پلەکانی گەرما بۆ سبەی شەموو بەم شێوەیە دەبن: هەولێر 44، پیرمام 40، حاجی ئۆمەران 30، بارزان 42، سلێمانی 42، چەمچەماڵ 44، دهۆک 41، زاخۆ 42 و ئاکرێ 42 پلەی سیلیزی.


وشە - پۆڵا مەحموود