سبەی بە فەرمی وەرزی هاوین لە هەرێمی كوردستان و نیوەگۆی باكوری زەوی دەست پێ دەكات و درێژترین ڕۆژی ساڵیش تۆمار دەكرێت، شارەزایەكی بواری كەشناسیش هۆشداریی لە بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما و كاریگەرییەكانی لەسەر سەرچاوەكانی ئاو دادەنێت.
ئەمڕۆ شەموو 20ـی حوزەیران، سالار حاجی عەلی شارەزای بواری كەشناسی، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، سبەی یەكشەم سەعات 11 و 24 خولەكی پێش نیوەڕۆ بە كاتی هەرێمی كوردستان، وەرزی هاوین دەست پێ دەكات.
زیاتر گوتی، لەو كاتەدا خۆر ڕاستەوخۆ لەسەر هێڵی گەورەی باكوری زەوی دەدرەوشێتەوە، بەمەش ماوەی ڕۆژ لە هەرێمی كوردستان و عێراق دەگاتە 14 سەعات و هەشت خولەك، رۆژ لە سەعات 4:46ی بەیانی هەڵدێت و لە 18:55ی ئێوارەدا ئاوا دەبێت.
ئەو شارەزایەی كەشناسی ئاماژەی بەوەش كرد، پاش 21ی حوزەیران ڕۆژەكان وردە وردە كورت دەبنەوە تا دەگاتە 23ی ئەیلوولی 2026، كە تێیدا لە سەعات 3:05ی بەیانی وەرزی هاوین كۆتایی دێت و پایز دەست پێ دەكات. بەمەش هاوین دەبێتە درێژترین وەرزی ساڵ كە ماوەكەی نزیكەی 93 ڕۆژ و 15 سەعات (واتە 2247 سەعات، یان 134820 خولەك، یاخۆ 8،089،200 چركە).
لەبارەی كەشوهەوای ئەم وەرزە، سالار حاجی عەلی ڕوونی كردەوە كە لە مانگەكانی تەمووز و ئابدا پلەكانی گەرما زۆر بەرز دەبنەوە، لە ناوچەكانی گەرمیان و كەركووك دەگاتە نزیكەی 48 پلەی سەدی و زۆرجاریش لەو ڕێژەیە تێدەپەڕێت.
هۆشداریش دەدات كە ئەم كەشە گەرم و وشكە كاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ئاو، كشتوكاڵ و ژیانی ڕۆژانە هەیە، بۆیە پاراستنی ئاو و بەكارهێنانی ڕێگەی نوێی ئاودێری لەم وەرزەدا زۆر پێویستە، لە كاتێكدا ناوچە شاخاوییەكان فێنكترن و دەبنە شوێنێكی گونجاو بۆ گەشتوگوزار.