كێشەی گەنمی جووتیارانی كەركووك چارەسەر كرا

:: AM:10:33:20/06/2026 ‌
دوای خۆپێشاندانی جووتیارانی كورد لە كەركووك و هەڕەشەی داخستنی تەواوی سایلۆكان، بڕیارێك درا كە گەنمی سەرجەم جووتیارانی كوردی ئەو سنوورەی وەربگیرێت.

ئەمڕۆ شەموو 20ـی حوزەیران، فەتحوڵا عوسمان نوێنەری جووتیاران، بە "وشە"ـی راگەیاند، دوای گردبوونەوەكەی رۆژی پێنجشەم كە بۆمان دەركەوت بەپێی بڕیارێكی نایاسایی، تەنیا گەنمی جووتیارانی كورد و توركمان وەرناگیرێت، دوێنێ‌ لیژنەیەك لە نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق گەیشتە لامان.

زیاتر گوتی، بەڵگەی تەواومان خستە بەردەستی كە ستەم لە جووتیارانی كورد دەكرێت، ئەو زەوییانە موڵكی كورد و توركمانن، بەڵام بە بڕیارێكی نایاسایی بڕیار دراوە لە وەرگرتنی گەنم بێبەش بكرێن.

دەشڵێت، لیژنەیەك بەفەرمانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كێشەی گەنمی جووتیاران سەردانی كەركووكی كردووە، بڕیار دراوە بەرهەمی گەنمی جووتیارانی كەركووك هەموو وەربگیرێت بەوانەشی لە دەرەوەی پلانی كشتوكاڵین.

ئاماژە بەوەش دا، لیژنەیەكی تایبەت پشكنین بۆ بەرهەمی جووتیاران دەكات و ئەنجامەكەشی بەئەلیكترۆنی رەوانەی وەزارەتی بازرگانی دەكات، هەروەها مەفرەزەكانی تەناهی نیشتمانی لە بازگەكان جێگیر دەكرێت و جووڵەی گواستنەوەی بەرهەمی جووتیاران دەكات لە نێوان پارێزگاكان.



وشە - رامیار جەواد