لەبارەی دۆسییەكەی عەبدولەتیف سەلەفی كە ماوەی چەند ڕۆژێكە لەناو تۆڕەكۆمەڵایەتییەكاندا بڵاو بووەتەوە كاردانەوەی زۆر دروست بوون، هەرچەندە بۆچوونەكان جۆراوجۆرن تا ئەوكاتەی بە لیژنەیەكی باڵای وەزارەتی خوێندنی باڵا یان دادگا یەكلا دەكرێتەوە.
دۆسیەكەیە ئەوەیە كە ڤیدیۆ و تۆماری دەنگی ئەو مامۆستایەی زانكۆ كە هاوكات مامۆستایی ئاینییە و خۆی وەك سەرۆكی رەوتی سەلەفییەت لە كوردستان ناساندووە بڵاو بووەتەوە كاتێك لەگەڵ قوتابییە كچەكانی قسە دەكات كە دوورە لە عورف و ئادابی گشتیی.
لەچوارچێوەی كاردانەوەكاندا، دامەزراوەی "پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان" لە یاداشتێكی فەرمی و بەپەلەدا بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و داواكاری گشتیی دەڵێن، ئەم كەیسە تەنیا كێشەیەكی كەسی نییە، بەڵكو تاقیكردنەوەیەكی مێژوییە بۆ پاراستنی متمانەی كۆمەڵگە بەناوەندە زانستییەكان.
ئەوان دەڵێن، "زانكۆ دەبێت قەڵغانی پاراستنی كچان بێت، نەك شوێنێك كە تێیدا پێگەی ئەكادیمی بۆ مەبەستی تایبەت بەكاربهێندرێت، بۆیە پێویستە بەتوندی ڕێگریی بكرێت لەهەر جۆرە فشار، هەڕەشە یان سووكایەتییەك كە وای لەكچانی قوربانی یان شایەتحاڵەكان بكات لەسكاڵاكانیان پاشگەزببنەوە".
هەروەها دووپات دەكەنەوە كە ئەگەر ئەم كەیسە بە شەفافی یەكلایی نەكرێتەوە، خێزانە كوردییەكان متمانەیان بەدامەزراوە زانستییەكان نامێنێت و كچەكانیان لەخوێندن دوور دەخەنەوە.
دامەزراوەكە داوای میكانیزمێكی مۆدێرن و بەپەلە دەكات بۆ دەرخستنی ڕاستییەكان و دەڵێت، "سەبارەت بەپشكنینی ژیریی دەستكرد (دیپ فەیك): پێشنیازكراوە تیمێكی تەكنیكی پسپۆڕ پشكنین بۆ دەنگ، نامەو ڤیدیۆكان بكەن، بۆ دڵنیابون لەوەی كە ئایا ڕەسەنن یان بەتەكنۆلۆجیای نوێ دروستكراون، دەستبەسەرداگرتنی زانستیی مۆبایل و هەژمارە دیجیتاڵییەكان بەشێوازێك كە ڕێگە بەونكردن یان دەستكاریكردنی هیچ بەڵگەیەك نەدرێت".