لەم هەفتەیەدا چاوەڕێی جووڵەیەكی سیاسیی دەكرێت

:: PM:08:33:20/06/2026 ‌
بەستەڵەكی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان تا ڕادەیەكی زۆر تواوەتەوە، چاوەڕوان دەكرێت ئەم هەفتەیە جووڵەیەكی سیاسیی لە كوردستان هەبێت، بە ئاراستەی كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان و دواتریش پێكهێنانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان. 

لە چەند ڕۆژی رابردوودا، مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان رای گەیاند هەر لایەنێك ئامادەیە با سەرەتا بێت پەرلەمان كارابكەینەوە دواتر حكوومەتی نوێ‌ پێكدەهێنرێ‌. 

"وشە" بە دواداچوونی كرد و دەركەوت، پارتی سوورە لەسەر جێبەجێكردنی دەسپێشخەریەكەی سەرۆك بارزانی كە بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە بڵاوی كردەوە، جیا لەوەیش تا ئێستە دەسپێشخەرییەكەی سەلاحەدین محەمەد بەهادین ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان گفتوگۆی لەسەر دەكرێت.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە" بڕیارە ئەم هەفتەیە سەلاحەدین بەهادین ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەگەڵ پارتی و یەكێتی بە جیا كۆ ببێتەوە تا دوایین هەنگاوەكانی نزیكبوونەوە تاوتوێ‌ بكرێت، ئەوەیش دەبێتە جووڵەیەكی نوێی سیاسیی بە ئاراستەی تێپەڕاندنی دۆخی چەقبەستووی كوردستان. 



وشە - وشه‌