مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ بەردی بناغەی پڕۆژەی "مزگەوتی گەورەی بارزانی" دادەنێت.
لە ساڵی 2023 مەسروور بارزانی بیرۆكەی پڕۆژەكەی پێشكەش كردووە، ئەم پڕۆژەیە لەسەر راسپاردە و فەرمانی سەرۆكی حكوومەت، لە رێگەی پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئاینی و راسپاردنی ئەندازیار رەشید فەتاح سەرۆكی تیمی "گراف" وەك تیمێكی خۆماڵی، دیزاین كراوە.
ئامانجی ئەم پڕۆژەیە، زیندووكردنەوەی تەلارسازیی كوردی و بەرجەستەكردنی سروشتی كوردستان و مێژووی ژیانی شكۆمەندیی بارزانی نەمرە، كە قۆناغ بە قۆناغ و بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی سەرۆك وەزیران جێبەجێ كراوە.
پڕۆژەكە لەسەر رووبەری زیاتر لە دوو ملیۆن مەتر دووجا دیزاین كراوە و چەندان پێوەری جیهانیی شكاندووە. پڕۆژەكە لە چەندان بەشی گرنگ پێكهاتووە، لەوانە: هۆڵی سەرەكیی مزگەوت كە گەورەترین گومبەت و بەرزترین دەرگا لەسەر ئاستی دنیا لەخۆ دەگرێت. هەروەها گەورەترین هۆڵی بۆنە ئاینی و كۆمەڵایەتییەكان، شوێنی نوێژكردن بۆ زیاتر لە 700,000 كەس لەیەك كاتدا.
بەشێكی تری مزگەوتەكە بریتییە لە باخچە و دارستانی تایبەت كە زیاتر لە ملیۆنێك دار و درەخت و گوڵ لەخۆ دەگرێت، لەگەڵ دروستكردنی گەورەترین تاڤگەی دەستكرد لەسەر ئاستی دنیا كە بە بەرزیی 48 مەتر دەرژێتە ناو دەریاچەیەكی دەستكرد لەناو مزگەوتەكەدا.
لە روانگەی ئەندازیاری و دیزاینەوە، بیرۆكەی ئەم مزگەوتە لەسەر بنەمای ناسنامەی كوردی و نەقش و نیگاری كوردەواری دامەزراوە؛ باڵەخانەی سەرەكیی مزگەوتەكە لەسەر شێوازی "رەشماڵی كوردی" و باڵەخانەكانی تر لەسەر شێوازی "خێوەتی كوردی" دیزاین كراون.
بەشەكانی مزگەوت:
- هۆڵی سەرەكیی نوێژكردن: جێگەی 9,000 كەس دەبێت و لەسەر گردێكی دەستكرد دروست كراوە.
- حەوشە و باخچەی مزگەوت: جێگەی زیاتر لە 700,000 كەس دەبێت.
- هۆڵی بۆنە ئاینییەكان.
- گەورەترین كاتژمێر.
- گەورەترین مافووری دەستكرد لەسەر ئاستی دنیا.
- بەرزترین دەرگا لەسەر ئاستی دنیا.
- منارە و بوونی بەرزكەرەوە (ئەسانسۆر) بۆ بینینی تەواوی شاری هەولێر.
- گەورەترین گومبەت لەسەر ئاستی دنیا.
- كتێبخانە و شوێنی گەورەترین ئەرشیڤكردنی نووسراوە كوردی و ئاینییەكان.
- هۆڵی كۆنفرانس.
- مۆزەخانەی تایبەت بە مێژوو و دەستنووسی كوردی.
- قوتابخانەی ئاینی.
- هۆڵی نانخواردنی گشتی.
- هۆڵی تایبەت بە بۆنە كۆمەڵایەتییەكان.
- گەورەترین تاڤگەی دەستكرد و دەریاچەی دەستكرد.
- گەورەترین پارك.
- بازاڕی تایبەت بە كەلوپەلی ئاینی و كوردی.
- شوێنی تایبەت بۆ وەستانی ئۆتۆمبێل.