دۆسیەی گیراوێكی لالەزار دەبێتە دۆسیەی نێودەوڵەتی

:: AM:09:06:22/06/2026 ‌
دوای ئەوەی هێمن هادیە سوورە رای گەیاند كە ئەشكەنجەی زۆر دراوە و چەندان شوێنی شكێنراوە، دواتر ئەمە بە راپۆرتی پزیشكی پشتڕاست كرایەوە، ئێستە دۆسیەكەی دەبێتە كەیسێكی نێودەوڵەتی لەسەر بەرپرسانی یەكێتی.

ئەمڕۆ دووشەم 22ـی حوزەیران، بەپێی زانیارییەكانی "وشە" كەیسی هێمن هادیە سوور لەلایەن سەرۆكایەتیی داواكاری گشتیی هەرێمی كوردستان و دەستەی مافی مرۆڤ، بە فەرمی ڕەزامەندیی لەسەر درا.

بەپێی گوتەی سەرچاوەیەكی باڵا كە بۆ "وشە" پشتڕاستی كردەوە، دۆسیەكە جگە لەوەی لە دەستەی مافی مرۆڤ و داواكاری گشتی تۆمار كراوە، ئێستە تیمێكی پارێزەران بڕیاریان داوە ئەم دۆسیەیە بە بەڵگەوە بخەنە بەردەم نوێنەری سەرجەم وڵاتان لە بەغدا و هەولێر.

ئاماژەی بەوەش كرد، بڕیاری وەرگرتنی ئەم دۆسیەیە دوای ئەوە دێت، هێمن هادیە سوور وەك یەكێك لە گیراوانی كەیسی لالەزار، بە تۆمەتی هاوكاریكردنی براكەی (هاوژین هادیە سوور) بۆ چوونە دەرەوەی لە شاری سلێمانی دەستبەسەر كراوە، بەڵام هیچ بەڵگەیەكیان نەبووە نە بۆ گرتنی و نە ئەو كەسەی هاوكاریی براكەی كردبێت.

ئەوەیش بۆ "وشە" پشتڕاست كرایەوە ئەو دۆسیەیە و سكاڵایە دەبێتە كارتێك دژی بەرپرسانی یەكێتی، لە داهاتوویەكی نزیكیشدا بەڵگەی سكاڵاكردن لە دادگای چەند وڵاتێك بڵاو دەكەینەوە، ئیتر چوونە دەرەوە لە هەرێمی كوردستان بۆ زۆر بەرپرسی یەكێتی دەبێتە رابردوو.



وشە - رامیار جەواد