شارەوانی سەرقاڵی ئامادەكارییە بۆ دابەشكردنی وەجبەیەكی تری زەوی و سەرۆكی شارەوانیش دەڵێت، تیمەكانیان بەردەوامن لە ئامادەكارییەكان و دەیانەوێ هەموو كارەكان تەواو بن، ئینجا بە زووترین كات دەست بە پرۆسەی دابەشكردن بكەنەوە.
ئەمرۆ دووشەم 22ـی حوزەیران، كارزان هادی سەرۆكی شارەوانیی هەولێر، بە "وشە"ـی راگەیاند، تیمەكانیان بەردەوامن لە ئامادەكارییەكان و دەیانەوێ هەموو كارەكان تەواو بن، ئینجا بە زووترین كات دەست بە پرۆسەی دابەشكردن بكەنەوە.
زیاتر گوتی، 82 هەزار پارچە زەوی تەرخان كراون، تا ئێستە 42 هەزاریان دابەش كراون و 40 هەزار پارچە زەوی ماونەتەوە، ئەو زەوییانەشی دابەش كراون رێكارەكانی تاپۆكردنیان بەردەوامە.
باسی لەوەش كرد، كاتێك وێنەی تۆمار (سەنەد) بۆ زەوییەكان دەرچوو، هاوشێوەی گەڕەكەكانی تر رێپێدانیان پێدەدرێت بۆ دروستكردنی خانوو.
باسی لەوەش كرد، پلانیان هەیە بۆ گەیاندنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان بۆ ئەو شوێنانە، هەروەها ئەو كەسانەی مافی رەفتاركردن یان گرێبەستی كشتوكاڵیان هەبووە لەسەر ئەو زەوییانەی بە زەویی نیشتەجێبوون دابەش كراون، هەر لە زەوییە جیاكراوەكانی سنووری خۆیان، پارچە زەوییان بۆ ئامادە كراوە و بە قەرەبوو پێیان دەدرێت و مافەكانیان پارێزراوە.