بەرەی گەل كە لاهوور شێخ جەنگی سەرۆكایەتیی دەكات، راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و تێیدا داوای ئازادكردنی دەستبەجێی 27 ئەندام و لایەنگری حزبەكەی دەكات.
ئەمڕۆ دووشەم 22ی حوزەیران، بەرەی گەل لە راگەیەنراوێكدا دەڵێن، دوای تێپەڕبوونی 10 مانگ بەسەر هێرشی هێزە چەكدارەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ سەر ماڵی لاهوور شێخ جەنگی سەرۆكی بەرەی گەل و ئەندامی باڵای ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم، هێشتا 27 ئەندامیان لە زیندانەكانی ئاسایشی سلێمانی و كۆماندۆی یەكێتیدا ماونەتەوە.
هەروەها بەرەكە نیگەرانی قووڵی خۆی لەسەر سستیی كارەكانی دادگا دەربڕی و دەڵێن، "دادگای سلێمانی بووەتە بەشێك لە بەرنامە و سیناریۆ داڕێژراوەكانی لێپرسراوانی یەكێتی و لە رێڕەوی سروشتی خۆی لایداوە".
بەرەی گەل لە راگەیەنراوەكەدا داوای لە ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق و ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی هەرێمی كوردستان كردووە كە بەپێی یاسا دەستوەردان لەم دۆسیەیەدا بكەن و رێگە نەدەن بڕیارەكانی دادگا لە ژێر كاریگەریی سیاسی و حزبی لە سلێمانی دابڕێژرێن.
22ـی ئابی 2025، چەكدارانی یەكێتی هێرشیان كردە سەر هۆتێل لالەزار و دوای دوو سەعات شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوە و كوشتن و سووتاندنی چەندان كەس، لاهوور شێخ جەنگی و برایەكی و چەندان كەسی تر لەو حزبە گیراون و تا ئێستە ئازاد نەكراون.