ئەمڕۆ دووشەم 22ی حوزەیرانی 2026، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا وەڵامی گوتەکانی گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی دایەوە، کە دوای کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی حزبەکەی لە 21ی ئەم مانگەدا بۆ کەناڵەکانی ڕاگەیاندن قسەی کردبوو. پارتی ئاماژە بەوە دەدات کە مەبەستیان لەم وەڵامدانەوەیە، ڕێگریکردنە لە چەواشەکاری و ئاشکراکردنی ڕاستییەکانە بۆ مێژوو و خەڵکی کوردستان.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، دوای هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، لە کاتێکدا پارتی سەردان و دانوستانەکانی چڕ کردبووەوە بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێ، یەکێتی دەستی کرد بە کات کوشتن بۆ هەڵنەبژاردنی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و پێکنەهێنانی کابینەی دەیەم.
ئەوەش چونکە لە ناخی خۆیاندا باوەڕیان بە پرۆسەی دەنگدان و هەڵبژاردن نییە، بۆیە کەوتنە بیانوو هێنانەوە، و بەئاشکراش هەست دەکرا کە پشتگیری دەکرێن بۆ ئەم ڕەفتار و مەرامەیان. سەرۆکی یەکێتی نەیشاردەوە و بەبەرچاوی خەڵکەوە ڕای گەیاند کە لەگەڵ پێکهێنانى دامەزراوە شەرعییەکاندا نییە.
پارتی ڕەخنە لە گوتەبێژی یەکێتی دەگرێت کە دەبوایە ئاماژەی بە ژمارەی دەنگ و کورسییەکانی هەردوو حزب بکردایە لە هەردوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، تا دەربکەوتایە کە کێ نوێنەرایەتیی چەندی خەڵکی کوردستان دەکات. هەروەها دووپات دەکاتەوە کە شایستەی هەڵبژاردن لەسەر ئەو شەرعییەتەی خەڵک پێوانە دەکرێت، نەک لەسەر دروشم و ناڕاستی، و خەڵکی کوردستان متمانەیان دایەوە بە پارتی چونکە لێی دڵنیا بوون کە دەستکەوتەکانیان دەپارێزێت.
لە بەشێکی تری ڕاگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە یەکێتی خاوەنی 23 کورسییە، و لای خەڵکی کوردستان ڕوونە کە "ڕووداوە کارەساتبارەکەی لالەزار و زیندانیکردنی کەسی یەکەمی جووڵانەوەی نەوەی نوێ لەپێناو چی بوون". پارتی دەڵێت گوتەبێژی یەکێتی شانازی بەم ڕووداوانەوە دەکات و وا دەزانێت خەڵکی کوردستان ئەو "ڕووداوە شەرمئامێزانە"ی لەبیر کردووە، بەڵام کوردستانییان زۆر لەوە زیرەکتر و داناترن کە باوەڕ بە چەند وشە و ڕستەیەکی چەواشەکارانە بکەن.
پارتی دووپات دەکاتەوە کە لە ڕوانگەی خەمخۆری بۆ بەرژەوەندییەکانی خەڵک و پاراستنی دەستکەوتەکان، چاوپۆشیی لە زۆر هەڵوێستی ڕابردوو و ئێستەی یەکێتی کردووە. لە وەڵامی ئەوەی یەکێتی دەڵێت سازش لەسەر مافەکانی خەڵکی کوردستان ناکات، پارتی دەڵێت ڕاستییەکە ئەوەیە کە تەنیا یەکێتییە مافی خەڵک و دەنگدەرانی کوردستانی پێشێل کردووە و بووەتە کۆسپ لەبەردەم پرۆسەی دیموکراسی و کاراکردنەوەی پەرلەمان. یەکێتی تەنیا نوێنەرایەتیی دەنگدەرانی خۆی دەکات، ئەو لایەنەی کە نوێنەرایەتیی ڕاستەقینە و زۆرینەی خەڵکی کوردستان دەکات ئەوە پارتی دیموکراتی کوردستانە، بۆیە هەرگیز سازش لەسەر ماف و ویستی کوردستانییان ناکات.
سەبارەت بەوەی کە گوتەبێژی یەکێتی باسی لە باڵباڵێن کردووە، پارتی دەڵێت، باشە یەکێتی لە بەکارهێنانی هەندێک چەمکی نابەجێ بە خۆیاندا بچنەوە، چونکە وەڵامنەدانەوەی پارتی سنووری خۆی هەیە، سروشتی پارتی وایە کە یەک ڕێبەر و یەک بڕیار و یەکگرتووە، هەر واش دەمێنێتەوە. هەر بۆیەش پارتی سەرکەوتوو بووە و یەکێتیش بەو دۆخەی ئێستەی گەیشتووە.
پارتی هاوڕایە لەگەڵ ئەو قسەیەی گوتەبێژی یەکێتی کە دەڵێت "سیاسەتی خۆسەپێنی زیان بە هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت"، بەڵام پێی وایە کە "ئەوە یەکێتییە دەیەوێت بە زۆرداری و بەبێ گوێدانە دەنگ و ڕای خەڵکی کوردستان خۆی بەسەر ئاکام و ئەنجامەکانی هەڵبژاردندا بسەپێنێت و هیچ حیسابێک بۆ دەنگ و ژمارەی کورسیی لایەنەکان نەکات.
لە کۆتاییدا، پارتی ڕای دەگەیەنێت کە هەموو کوردستان لەلایان ئازیزن، بەڵام ئەوە یەکێتییە جیاکاریی دروست کردووە و ناهێڵێت یاسا و ڕێنوێنییە ئیداری و دارایییەکان و پڕۆژەکانی حكوومەتی هەرێم لە هەموو سنووری کوردستان جێبەجێ بکرێن. و هیوادارە یەکێتی ئەو ڕەفتارانەی بگۆڕێت و چیتر نەبێتە هۆی نیگەرانی و دڵخۆشکردنی نەیاران و دوژمنانی گەلەکەمان.